ماوەی مانەوەی قوتابییانی هەرێم کە لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن درێژ کرایەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، لە پێناو پاراستنی گیان و سەلامەتیی قوتابییان، بڕیاری دا ماوەی مانەوەی ئەو قوتابییانەی کە لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن تا ناوەڕاستی مانگی ئایاری 2026 درێژ بکاتەوە، بە بێ ئەوەی هیچ زیانێک بە پرۆسەی هەژمارکردنی مانەوەی ئەکادیمییان بگات.
پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی و گیانی ئەو قوتابییانەی هەرێم کە لە زانکۆکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە بە خوێندن دەدەن، بڕیارێکی نوێی لە بەرژوەندییان دەرکرد.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتەکە، بڕیار دراوە بە درێژکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەی ئەو قوتابییانە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی 1 تاوەکوو 15ـی ئایاری 2026).
وەزارەتەکە دەڵێت: پاش کۆتاییهاتنی ئەم وادەیە، هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ بارودۆخەکە دەکەین و لە ژێر رۆشنایی پێشهاتەکاندا بڕیاری پێویست و گونجاو دەردەکەین.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، روونی کردەوە، لە رووی ئەکادیمی و کارگێڕییەوە، ئەم ماوەیەی کە قوتابییان لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، وەک ماوەی مانەوەی یاسایی (ئیقامەی خوێندن) بۆیان هەژمار دەکرێت و هیچ زیانێک بە پرۆسەی خوێندنەکەیان ناگەیەنێت.
سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، د. یاسین ساڵح حەمە، بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، لە بارەی دۆخی قوتابییانی هەرێمی کوردستان کە لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن، گوتووبووی: ئەگەر دۆخی خوێندن لە ئێران بۆ مانگەکانی دهاتوو ئاسایی نەبووەوە، ئەوا دوای هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە، بڕیاری نوێ لە بەرژەوەندیی قوتابییان دەدەین.
بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان، باسی لەوەش کردبوو، بەهۆی کەمیی ژمارەی قوتابییانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆکانی ئێران، لە حاڵەتی نەبوونی ئاسایش و بەردەوامی جەنگ لەو وڵاتەدا، وەزارەت ئامادەیە شێوەی "میوانداری" یان گواستنەوە لە زانکۆکانی هەرێم وەریان بگرێت تا بارودۆخ ئاسایی دەبێتەوە.