پۆلیتیکۆ: ئێران تا شەش هەفتەی دیکە دەتوانێت لە بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوام بێت

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێداگری دەکات کە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا ئێرانی گەیاندووەتە "دوا هەناسەکانی" و تەنیا چەند رۆژێکی ماوە بۆ داڕمانی یەکجاریی کەرتی وزەی، بەڵام لە بەرانبەردا شارەزایانی نێودەوڵەتیی بواری وزە گومانیان لەم خوێندنەوەیەی کۆشکی سپی هەیە و هۆشداری دەدەن کە تاران توانای بەرگەگرتنی بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر هەیە و ئەم ململانێیە دەکرێت ئابووریی جیهانی وێران بکات.

هەینی 1ـی ئایاری 2026، پێگەی هەواڵی پۆلیتیکۆ، راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، کۆشکی سپی پێیوایە گەمارۆدانی گەرووی هورمز کە 20%ـی وزەی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، تارانی ناچار بە خۆ بەدەستەوە دان کردووە. کێڤن هاسێت، راوێژکاری ئابووریی کۆشکی سپی، رایگەیاند فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە بۆ هیچ سەرکردەیەکی خاوەن ویژدان قبووڵکراو نییە.

هاوکات، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ئێران تەنیا "چەند رۆژێکی" ماوە بۆ ئەوەی کۆگاکانی نەوتی پڕ ببن و ناچار بێت بیرە نەوتەکانی دابخات؛ هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ "ئەکسیۆس" گوتی: "بۆری و کۆگاکانی ئێرانی لە لێواری تەقینەوەدان." بەپێی خەمڵاندنی بەرپرسانی ئەمریکا، تاران رۆژانە نێوان 170 بۆ 500 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی بەردەکەوێت.

لە بەرانبەردا، شارەزایانی وەک رۆبن میڵز، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (Qamar Energy)، پێیان وایە ئیدارەی ترەمپ هەڵە لە خوێندنەوەی تواناکانی ئێران دەکات. میڵز دەڵێت: "ئێرانییەکان لە کەشی تەسلیمبووندا نین، ئەوان دەزانن کە کاتژمێرەکە تەنیا بۆ ئەوان ناجوڵێت، بەڵکو بۆ ئابووریی ئەمریکا و جیهانیش دەجوڵێت."

داتاکانی ناوەندی (Kpler) و (TankerTrackers) دەریدەخەن کە ئێران هێشتا 20 رۆژ شوێنی کۆگای لەسەر وشکانی ماوە، و ئەگەر تانکەرە وەستاوەکانی ناو دەریاش بەکاربهێنێت، دەتوانێت تا 6 هەفتەی دیکە بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی بەرهەمهێنان رابگرێت.

محەممەدباقەر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکای دایەوە و گوتی: "سێ رۆژ تێپەڕی و هیچ بیرە نەوتێک نەتەقی. ئامادەین بۆ 30 رۆژی تریش بە راستەوخۆ دیمەنی بیرەکان نیشانی جیهان بدەین." ئەو هۆشداریشی دا هەنگاوی داهاتووی نرخی نەوت 140 دۆلار دەبێت.

ئەم ململانێیە کاریگەریی قورسی خستووەتە سەر ناوخۆی ئەمریکا؛ نرخی هەر گاڵۆنێک بەنزین گەیشتووەتە 4.30 دۆلار، ئەمەش دیموکراتەکانی هان داوە تاوەکو بۆ مەبەستی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس بەکاریبهێنن. شارەزایان دەڵێن تەنانەت ئەگەر ئێران ناچار بێت بیرە نەوتەکانی دابخات، بە ئەزموونی ساڵانی رابردووی، دەتوانێت دوای تێپەڕینی قەیرانەکە بە خێرایی 70%ـی توانای بەرهەمهێنانی بگەڕێنێتەوە.

ئێستا جیهان لە چاوەڕوانیی ئەوەدایە بزانێت ئایا ستراتیژیی "فشاری زۆرینە"ی ترەمپ بەڕاستی دەبێتە هۆی داڕمانی تاران، یان وەک شارەزایان دەڵێن، تەنیا دەبێتە هۆی گرانبوونی زیاتری بژێوی ژیانی خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا.