ترەمپ بە رێژەی 25% باج دەخاتە سەر ئۆتۆمبێلە هاوردەکانی ئەوروپا

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونی یەکێتی ئەوروپا بە رێککەوتنە بازرگانییەکان، لە هەفتەی داهاتووەوە باجی گومرگی لەسەر ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە ئەوروپییەکان بۆ 25% بەرز دەکاتەوە. جەختی کردەوە تەنیا ئەو کۆمپانیایانە لەم باجە دەبەخشرێن کە بەرهەمەکانیان لە نێو کارگەکانی ئەمریکا دروست دەکەن.

هەینی 1ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" ئاشکرای کرد، یەکێتی ئەوروپا "پابەندی ئەو رێککەوتنە بازرگانییە نەبووە کە لەسەری رێککەوتبووین"، هەر بۆیە ئیدارەکەی بڕیاری داوە رێکاری توندی گومرگی بگرێتە بەر. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، هەر ئۆپتۆمبێل و بارهەڵگرێک لە وڵاتانی ئەوروپاوە بێتە نێو ئەمریکا، دەبێت 25%ی بەهاکەی وەک باج بدات.

ترەمپ ڕێگەیەکی بۆ کۆمپانیا ئەوروپییەکان هێشتووەتەوە تاوەکو لەو باجە رزگاریان بێت، ئەویش گواستنەوەی هێڵی بەرهەمهێنانیانە بۆ ناوخۆی ئەمریکا. سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "زۆر بە روونی ڕێککەوتووین کە ئەگەر ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان لە کارگەکانی نێو ئەمریکا دروست بکەن، ئەوا هیچ باجێکیان ناخرێتە سەر.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ سەرنجی خستە سەر گەشەی پیشەسازیی ناوخۆیی و گوتی: "ئێستا چەندین کارگەی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر لە ژێر بنیاتناندان، کە زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری تێدا وەبەرهێنراوە؛ ئەمە ریکۆردێکی نوێیە لە مێژووی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلسازیدا."

ئەم کارگانەی ترەمپ باسیان دەکات، بڕیارە لەلایەن کرێکارانی ئەمریکییەوە بەڕێوەببرێن و بەم زووانە بکرێنەوە. ترەمپ ئەم گۆڕانکارییانەی بە "رووداوێکی بێ وێنە" لە مێژووی ئەمریکادا ناوبرد. شارەزایان پێیان وایە ئەم هەنگاوەی ترەمپ فشارێکی گەورە دەخاتە سەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ڤۆڵکسواگن، بی ئێم دەبلیو و مێرسیدس تاوەکو وەبەرهێنانەکانیان لە ئەمریکا زیاد بکەن.