بلومبێرگ: ئێران ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەم کردەوە

ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کردووە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ رێگریکردن لە پڕبوونی تەواوەتیی توانای کۆگاکردنی نەوتەکەی.

شەممە، 2ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ، لە زاری بەرپرسێکی بڵاوی ئێران بڵاوی کردەوە، وڵاتەکە، بە شێوەیەکی کردەیی دەستی بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کردووە.

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، هەنگاوێکی پێشوەختەیە لەپێناو دوورکەوتنەوە لە گەیشتن بەوپەڕی سنووری توانای کۆگاکردنی نەوت." هەروەها دووپاتی کردووەتەوە کە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

بە پێی قسەکانی بەرپرسەکە، "ئێران شارەزاییەکی باشی پەیدا کردووە لە راگرتنی کاتیی بیرە نەوتەکان بەبێ ئەوەی زیانی هەمیشەییان پێ بگات."

لە وەڵامی فشارەکانی ئەمریکاشدا، بەرپرسە باڵاکەی ئێران دەڵێت: "بابەتەکە بۆ ئێمە ئەوەیە کە دەتوانین بۆ ماوەیەکی درێژتر لە واشنتن بەرگەی گەمارۆ ئابوورییەکان بگرین."

داتاکانی ناوەندی (Kpler) و (TankerTrackers) دەریدەخەن کە ئێران هێشتا 20 رۆژ شوێنی کۆگای لەسەر وشکانی ماوە، و ئەگەر تانکەرە وەستاوەکانی ناو دەریاش بەکاربهێنێت، دەتوانێت تا 6 هەفتەی دیکە بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی بەرهەمهێنان رابگرێت.

لە ماوەی رابردوودا ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپاندووە بە مەبەستی رێگریکردن لە فرۆشتنی نەوت و هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات.

بە پێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و ئامارەکانی هەردوو کۆمپانیای ڤۆرتێکسا و تانکەر تراکەرز، ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران سیستەمی چاودێریکردنیان دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی لە چاوی هێزەکانی ئەمریکا بشاردرێنەوە.