12 هەزار یاریزانی کاراتێی سنە بێ یاریگای مەشق و راهێنانن

سەرۆکی دەستەی یاریزانانی کاراتێی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت "12 هەزار وەرزشمانمان هەیە، کە چواریان یاریزانی نیشتمانی ئێرانن، بەڵام شارەکە هیچ وەرزشگایەکی تایبەتی بۆ مەشق و راهێنانی وەرزشکارانی کاراتێ نییە".
مەسعود ئەڵماسی سەرۆکی دەستەی یاریزانانی کاراتێی پارێزگای سنە ئەمڕۆ شەممە 2ی ئایاری 2026، بە ئاژانسی فەرمی ئیرنای راگەیاندووە، سنە لە وەرزشی کاراتێدا خاوەنی بەهرەی درەوشاوەیە و زیاتر لە 12 هەزار وەرزشکاری چالاکی هەیە، کە 10 هەزاریان بە شێوەیەکی رێکخراو لە ژێر سەرپەرشتی دەستەکە دا وەرزش دەکەن، بەمەش شارەکە پێشەنگە لە ئاستی ئێراندا، بەڵام لە هۆڵێکی تایبەت و بە گوێرەی ستاندار بۆ راهێنان و پێشبڕکێی پاڵەوانێتییەکان بێ بەشە و هیچ ژێرخانێکی گشتی نییە، بۆ ئەوەی بایەخی زیاتر بەم وەرزشە بدرێت".
مەسعود ئەڵماسی دەڵێت: کوالێتی کاراتێی سنە لە بەرزترین ئاستی ئێرانە، ئێستا دوو کچە یاریزانی نیشتمانی و دوو کوڕە کاراتێکاری کوردستانی لە کەمپی هەڵبژاردەی نیشتمانی لاواندان، لەگەڵ ئەمەشدا، چەندین راهێنەری بە ئەزموونی پارێزگاکەش لە ستافی هونەری هەڵبژاردەی نیشتمانی خزمەت دەکەن.
هەروەها ئاماژەیداوە، لە سێ ساڵی رابردوودا ژمارەی ناوبژیوانانی نێودەوڵەتی لە پارێزگاکەدا نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە و چەندین ناوبژیوانی پارێزگای سنە لە پاڵەوانێتییە جیهانی و ئاسیاییەکاندا بەشداربوون.
سەرۆکی دەستەی کاراتێی سنەی رایگەیاندووە، هەرچەندە هاوکاریی یانە تایبەتەکان جێی بایەخە، بەڵام هەرگیز نابێتە جێگرەوەی ژێرخانێکی حکوومی، بۆیە هیواخوازە ئەمساڵ حکوومەتی ئێران بودجەیەکی زیاتر تەرخان و خەرج بکات، بۆ ئەوەی بتوانن وەرزشی کاراتێی پارێزگاکە بگەیەننە ئاستێکی باشتر و سەرکەوتنی زیاتر.