سوپای ئیسرائیل دەیان بنکەی حزبوڵڵامان لە باشووری لوبنان لەناوبردووە
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە زنجیرە هێرشێکی نوێدا بۆ سەر باشووری لوبنان، دەیان ئامانجی سەربازیی سەر بە حزبوڵڵایان تێکشکاندووە.
شەممە 2ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی بەیاننامەی فەرمی سوپای ئیسرائیل، لەو هێرشانەدا نزیکەی 70 باڵەخانە کە بۆ مەبەستی سەربازی بەکارهاتوون و 50 ژێرخانی سەر بە حزبوڵڵا لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری لوبنان لەناو براون.
هاوکات ئاژانسی فەرمی هەواڵی لوبنان زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور پشتڕاستکردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە سوپای ئیسرائیل هۆشداریی چۆڵکردنی بۆ 9 گوندی ئەو ناوچەیە دەرکردبوو.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، لە 17ـی نیسانەوە رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی و هەردوولاش یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن.
لەمبارەیەوە حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل و هێرشکردنە سەر گوندەکانی باشوور، چەند هێرشێکیان دژی هێزەکانی ئیسرائیل ئەنجامداوە.
هاوکات، رودۆڵف هێکل، فەرماندەی سوپای لوبنان لەگەڵ ژەنەڕاڵی ئەمریکی جۆزیف کلێرفیڵد، سەرۆکی لێژنەی چاودێریی رێککەوتنی ئاگربەست کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و شێوازەکانی باشترکردنی میکانیزمی چاودێری ئاگربەست کرا کە لە تشرینی دووەمی 2024ـەوە دەستی بەکارکردووە.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی ئەم جەنگە لە 2ـی ئاداری ئەمساڵەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 2600 کەس کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش لە لوبنان ئاوارە بوون.