پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە راکێشانی منداڵان و گەنجان بۆ ناو گرووپە توندڕەوەکان

پسپۆڕان و شارەزایان هۆشداری دەدەن لە هەوڵە بەردەوامەکانی گرووپە توندڕەوەکان بۆ راکێشان و فریودانی منداڵان و گەنجان و رایدەگەیەنن؛ خێزان تەنیا بەرپرس نییە لە پەروەردە، بەڵکو دەبێت ببێتە "هێڵی یەکەمی بەرگری" بۆ پاراستنی بیر و دەروونیی نەوەکانیان لە بەرانبەر بیرۆکە توندڕەوەکاندا.

پسپۆڕان لە رێگەی میدیاکانەوە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لە سایەی گۆڕانکارییە خێراکان و رووداوە هەرێمییەکان، پێویستە خێزانەکان هۆشیاربن و لە رێگەی گفتوگۆ و دروستکردنی متمانە، رێگە لە کاریگەربوونی منداڵەکانیان بە بیرۆکە وێرانکەرەکان بگرن.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن کە پێنج هەڵەی سەرەکی لە پەروەردەدا دەبنە هۆی ئەوەی گەنجان پەنا بۆ گرووپە دەرەکییەکان ببەن، ئەوانیش:

- نەبوونی گفتوگۆ لەناو خێزاندا.
- توندوتیژی زۆر یان خۆسەپاندن.
- کەمبایەخدان بە هەستی منداڵان یان گاڵتەکردن بە بیرۆکەکانیان.
- بەراوردکردنی بەردەوامی منداڵ بە کەسانی دیکە.
- پشتگوێخستنی سۆزداری سەرەڕای دابینکردنی پێداویستییە ماددییەکان.

ئەو گرووپانەی زیاتر مەترسییان لەسەرە

بەگوتەی پسپۆڕانی دەروونی، چوار جۆر کەسایەتی زیاتر ئەگەری راکێشانیان هەیە بۆ ناو گرووپە توندڕەوەکان، ئەوانیش: ئەو کەسانەی گۆشەگیرن، ئەوانەی ئەزموونی شکستی دووبارەیان لە ژیان یان کاردا هەیە، ئەو کەسانەی متمانەیان بەخۆیان لاوازە، لەگەڵ ئەوانەی کاتژمێرێکی زۆر لەسەر ئینتەرنێت بەسەر دەبەن.

نیشانەکانی گۆڕانکاریی لە رەفتاردا

پسپۆڕان داوا دەکەن لەکاتی بینینی ئەم شەش نیشانەیە، خێزانەکان دەستبەجێ داوای هاوکاری لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن:

- گۆڕانی شێوە و رەفتار.
- گۆڕانی بنەما و بیروباوەڕ.
- توندبوونی گفتوگۆ یان کشانەوەی تەواوەتی لە قسەکردن لەگەڵ خێزان.
- گۆڕانی رۆتینی رۆژانە.
- لەدەستدانی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ کۆنەکان.
- گۆڕینی ژینگەی کۆمەڵایەتی.

تەڵە دیجیتاڵییەکان و رۆڵی تەکنەلۆژیا
شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی "cyber Security" هۆشداری دەدەن کە گرووپە توندڕەوەکان شێوازەکانیان پەرەپێداوە و راستەوخۆ دەست پێ ناکەن، بەڵکو لە رێگەی ڤیدیۆی کورت، "میمز" و چیرۆکی کاریگەرەوە دەچنە ناو مێشکی گەنجان. دەشڵێت: "ئەو گرووپانە ژووری چاتی یارییە ئەلیکترۆنییەکان و ئەپڵیکەیشنە فەرمییەکان بەکاردەهێنن بۆ راکێشانی گەنجان بۆ ناو چاتی تایبەت کە چاودێریکردنیان قورسە."

هەروەها ئامۆژگاری دایک و باوکان دەکرێت کە لەبری سیخوڕی، پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ منداڵەکانیان دروست بکەن و ئەپڵیکەیشنەکانی وەک "Family Link" یان "Screen Time" بەکاربهێنن بۆ رێکخستنی کاتی بەکارهێنانی ئینتەرنێت.