کەشتییەکی نەوتی ئێران گەمارۆکانی ئەمریکای بڕی و گەیشتە ئاوەکانی ئیندۆنیزیا

ماڵپەڕی (تانکەر تراکێرس) کە تایبەتە بە چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتی ئێران توانیویەتی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بشکێنێت و بە بڕێکی زۆر لە نەوتی خاوەوە بگاتە ئاوەکانی ئیندۆنیزیا.

ماڵپەڕەکە لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' رایگەیاندووە، کەشتییەکە لە جۆری (VLCC)ـە و سەر بە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێرانە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کەشتییە زیاتر لە 1.9 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتووە کە بەهایەکەی بە 220 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە، کەشتییەکە ناوی  (HUGE)ـە و دواهەمین جار پێش هەفتەیەک لە نزیک کەناراوەکانی سریلانکا بینراوە، لە ئێستاشدا بە گەرووی "لۆمبۆک" لە ئیندۆنیزیا بەرەو دوورگەکانی "ڕیاو" تێدەپەڕێت.

داتاکانی چاودێریی دەریایی دەریانخستووە کە ئەم کەشتییە لە 20ـی ئادارەوە و دوای جێهێشتنی گەرووی "مەلاقە"، سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی (AIS) کوژاندووەتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ خۆدزینەوە لە چاودێری و راداری هێزە دەریاییەکان.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دوێنێ شەممە، پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد، سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکە بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز، بە جۆرێک کە رەچاوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی وڵاتانی دراوسێ بکات، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە جووڵەی کەشتییەکان لەو گەرووەدا وەک پێش جەنگ نامێنێتەوە.

لە دوای داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستە سەر کەشتییەکانی تاران و رێگریی لە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە دەکات، بەمەش دەیەوێت ئەم زیاتر ئابووری ئێران لاواز بکات.