راوێژکاری ئەڵمانیا: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بابەتێکی نوێ نییە
راوێژکاری ئەڵمانیا، رایگەیاند بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی شتێکی نوێ نییە و پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپەوە نییە، هاوکات جەختی کردەوە کە ئەمریکا هێشتا گرنگترین هاوبەشی ئەڵمانیایە لە نێو ناتۆدا.
یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، لە بەرنامەی "Caren Miosga"دا ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی 5000 سەربازی ئەمریکی کە باس دەکرێت، پێشتر و لە سەردەمی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک هێزێکی کاتی جێگیر کرابوون و ماوەیەکی زۆرە باسی کشانەوەیان دەکرێت. گوتیشی: "رەنگە بابەتەکە کەمێک گەورە کرابێتەوە، بەڵام ئەمە شتێکی نوێ نییە."
مێرتز هەر جۆرە پەیوەندییەکی لە نێوان کشانەوەی هێزەکان و ناکۆکییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە جەنگی ئێران رەت کردەوە. سەرەڕای رەخنەکانی ترەمپ، مێرز داکۆکی لەو لێدوانەی پێشووی کرد کە گوتبووی "ئێران سووکایەتی بە ئەمریکا کردووە" و گوتی: "ئەگەر دەتەوێت لە ململانێیەکی وەهادا هاوکارت بین، دەبێت پێشوەختە پەیوەندیمان پێوە بکەیت." جەختیشی کردەوە نایەوێت دەستبەرداری کارکردن لەگەڵ ترەمپ ببێت.
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاشکرای کرد، ئەو مووشەکانەی جۆری تۆماهۆک کە بڕیار بوو ئەمریکا رەوانەی ئەڵمانیای بکات، لانیکەم بۆ ئێستا راگیراون. مێرز هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ئەمریکا خۆی ئێستا پێویستی بەو چەکانەیە و بڕی پێویستی لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی بیداتە وڵاتانی دیکە.
مێرتز دڵنیایی دا، هیچ گۆڕانکارییەک لە بەڵێنەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ناوچەکانی ناتۆ و "بەرگری ئەتۆمی" رووی نەداوە و لەو بارەیەوە هیچ گومانێکی نییە.
ئەم لێدوانانەی مێرز لە کاتێکدایە کە ترەمپ هەڕەشەی کشانەوەی "بەکۆمەڵ" و زیاتر لە 5000 سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا دەکات، کە ئێستا گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکایە لە ئەوروپا و نزیکەی 39 هەزار سەربازی تێدایە.