کابینەی حکوومەتی تورکیا پرۆسەی ئاشتی و گرژییەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکات
کابینەی حکوومەتی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ کۆدەبێتەوە، لەوانە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، تووندکردنی رێکارە ئەمنییەکانی قوتابخانەکان و رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 04ـی ئایاری 2026، کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار، لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە و چەند پرسێکی هەستیاری ناوخۆیی و ناوچەیی تاوتوێ دەکات.
بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات، لە پێشینەی کارەکانی کۆبوونەوەکەدا، پەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت دانوستانەکانی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران و پلانی ئاگربەست لەگەڵ دۆخی گەرووی هورمز هەن، کە ئەمانەش کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر تێچووی وزە و ئابووریی تورکیا هەیە.
هەروەها کابینەکە تاوتوێی قۆناغێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی دەکات، تێیدا هەنگاوە یاساییەکان بۆ چەکدانانی پەکەکە دوای پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە (میت) باس دەکرێن.
لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر قوتابخانەکان لە رووها و مەرەش، بڕیارە پێداچوونەوە بە رێکارە ئەمنییەکانی ناوەندەکانی خوێندن بکرێت و هاوکات پلانی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان دابنرێت.
لە مانگی نیسانی ساڵی 2026دا، شارەکانی رووها و مەرەش لە تورکیا شایەتحاڵی دوو رووداوی گەورەی تەقەکردن بوون لە ناوەندەکانی خوێندندا، تێیدا دەیان خوێندکار و مامۆستا بوونە قوربانی. ئەم رووداوانە ترسی زۆری لە ناوخۆی وڵاتەکەدا دروست کرد و فشاری خستە سەر حکوومەت بۆ بەهێزکردنی رێکارە ئەمنییەکان.