رۆمانی "سەربانەکانی تاران" بڵاودەبێتەوە
وەرگێڕی رۆمانی "سەربانەکانی تاران"، بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، تیشکی خستە سەر ناوەڕۆک و رەهەندە مرۆیی و سیاسییەکانی ئەم بەرهەمە ئەدەبییە و رایگەیاند؛ رۆمانەکە وێنای قۆناغێکی هەستیاری مێژووی ئێران و ژیانی گەنجان لەو سەردەمەدا دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، ئازاد مەحموود وەرگێڕی رۆمان لە لێدوانێکی تایبەتدا، سەبارەت بە ناوەڕۆکی رۆمانەکە ئاماژەی بەوە کرد، چیرۆکەکە باس لە گەنجێکی 17 ساڵان دەکات بە ناوی "پاشا" کە لە تاران دەژی. پاشا شەوانی هاوین لەگەڵ "ئەحمەد"ی باشترین هاوڕێی، لەسەر سەربانەکانەوە سەیری دونیا دەکەن و باسی ژیان و خەونەکانیان دەکەن. پاشا بە نهێنی عاشقی "زاری" کچی دراوسێکەیانە، بەڵام گرێچنی چیرۆکەکە لێرەوە دەست پێدەکات، زاری دەستگیرانی پیاوێکە بە ناوی دکتۆر، هاوکات هاوڕێی پاشایشە.
وەرگێڕی کتێبەکە بۆ کوردستان24 گوتیشی: "رووداوەکان کاتێک جددی و تراژیدی دەبن، دکتۆر تێوەگلاوی چالاکیی سیاسی دژی حکوومەت دەبێت. شەوێک پاشا بە هەڵە یارمەتی پۆلیسی نهێنی (ساڤاک) دەدات بۆ دۆزینەوەی دکتۆر، ئەمەش دەبێتە هۆی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی دکتۆر، دواتر دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستێکی قووڵ بە تاوان و ئازارێکی سۆزداریی بێ کۆتایی بۆ پاشا."
وەرگێڕ باسی لەوە کرد، چۆن لەگەڵ هەڵکشانی رووداوەکان، عەشق و کارەسات تێکەڵ دەبن. سەرەڕای ئەوەی پاشا و زاری هەستیان بۆ یەکتر دەبێت، بەڵام ستەمی سیاسی دەوروبەریان توندتر دەبێت. لە کاردانەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا، زاری خۆی دەکاتە قوربانی و پاشا رووبەڕووی زەبرێکی دەروونی گەورە دەبێتەوە.
وەرگێڕی رۆمانەکە جەختی کردەوە، چیرۆکەکە بە نائومێدی کۆتایی نایەت؛ پاشا تێدەگات ژیان سەرەڕای لەدەستدانەکان بەردەوام دەبێت. رۆمانەکە بە پەیامێکی ئومێدبەخش کۆتایی دێت، کاتێک پاڵەوانەکە خۆی بۆ داهاتوویەکی نوێ ئامادە دەکات، لە کاتێکدا یادەوەرییەکانی عەشق، هاوڕێیەتی و نادادپەروەری لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت.
ئازاد مەحموود ئاماژەی بەوە کرد کە خوێنەر لەم کتێبەدا رووبەڕووی چەند چەمکێکی سەرەکی دەبێتەوە، لەوانە:
عەشق و قوربانیدانی بێبەرامبەر.
هاوڕێیەتی و دڵسۆزی لە کاتە سەختەکاندا.
ململانێی نێوان هەستکردن بە تاوان و لێبوردنی خود.
کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ستەمی سیاسی لەسەر ژیانی تاک.