خەلیل شەریف: نزیکەی سێ هەزار قوتابی لە دیاسپۆرا فێری زمانی کوردی دەکرێن
نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، سیستەمی خوێندن لە دەرەوەی وڵات خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی و جیاوازە لەوەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، خەلیل شەریف، نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردی لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، خوێندنی کوردی لە دیاسپۆرا وەک سیستەمی پۆلەکانی 1 تا 12ـی ئامادەیی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای چوار ئاستە، لە ئاستی 1 تا ئاستی 4 رێکخراوە، گوتیشی، "لە ئێستا کورسێکی ئۆنلاینمان هەیە کە لەلایەن چەند مامۆستایەکی وەزارەتی پەروەردەوە بەڕێوە دەچێت و وەزارەت مامۆستاکانی دابین کردووە."
نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردی باسی لەوەش کرد، جگە لە خوێندنی ئۆنلاین، هەندێک قوتابخانە و رێکخراو و کۆمەڵەی کوردی لە دەرەوەی وڵات، خۆیان قوتابخانەیان کردووەتەوە و تێیدا منداڵانی کورد بە شێوەی رووبەڕوو وانە دەخوێنن.
سەبارەت بە ژمارەی بەشداربووان، خەلیل شەریف ئاشکرای کرد، نزیکەی سێ هەزار قوتابی لە کۆرسە ئۆنلاینەکاندا بەشدارن، ئامانجی سەرەکی پڕۆسەکەش فێربوونی خوێندن و نووسین و ئاشناکردنی منداڵانی کوردە بە کولتووری نیشتمانەکەیان.
دەربارەی شێوەزارەکانی خوێندن دەڵێت، "خوێندنەکە بە هەرسێ شێوەزاری سۆرانی، بادینی، و کرمانجی (بە پیتی لاتینی) پێشکەش دەکرێت و بۆ هەر سێکیان مامۆستای پسپۆڕمان دابین کردووە."
خەلیل شەریف باسی لەوەشکرد، تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ئاست بۆ هەر چوار ئاستەکە لە 1ـی حوزەیرانی داهاتووەوە دەست پێدەکەن، تاقیکردنەوەکان مەرکەزی نین و لەلایەن مامۆستایانی وانەبێژەوە هەڵسەنگاندن و سەحدانی دەفتەرەکانیان بۆ دەکرێت.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی لۆجستی تەواوی قوتابیانی دیاسپۆرا دەکات، لەوانە ناردنی زیاتر لە 14 هەزار کتێبی کوردی بە زاراوە جیاوازەکان بۆ ئەوروپا و ئەمریکا. هەروەها بڕوانامەی کۆتایی ئاستەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمەوە دانپێدانراوە، ئەمەش وەک هاندانێک و بەفەرمیکردنی هەوڵی فێرخوازان هەژمار دەکرێت بۆ بەردەوامبوون لە خوێندنی زمانی دایک.