لە هەولێر سێ وێستگەی 132 کەی ڤی دروست دەکرێن

بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی کارەبا راگەیاند; سێ وێستگەی گۆڕینی ڤۆڵتیەی 132 کەی ڤی (KV) لە سێ ناوچەی گرنگی شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێن.

فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی کارەبا بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتیشی: "ئەم وێستگانە بریتین لە گۆڕینی ڤۆڵتیەی 132 کەی ڤی بۆ 33 و 11 کەی ڤی."

بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی کارەبا روونیکردەوە، یەکێک لە وێستگەکان ناوچەی پیشەسازیی تیمارە، کە ئەم ناوچەیە کارگەیەکی زۆری لێیە و مۆڵەتی دەستبەکاربوونیان وەرگرتووە، بەڵام ئێستا بە مۆلیدە کار دەکەن. دەشڵێت: " ئەم وێستگەیە دەتوانێت کارەبای پێویست بۆ ئەو ناوچە پیشەسازییە دابین دەکات، ئەمەش لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتە. 

ئاماژەی بەوەش دا، وێستگەی شەمامک؛ کارەبای تەواو بۆ سنوورەکە دابین دەکات کە بە ناوچەیەکی کشتوکاڵی دادەنرێت، ئەمەش هاوکارییەکی گەورەی جووتیارانی ناوچەکە دەکات.

بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی کارەبا باسی وێستگەی هەشتی حەسارۆکیشی کرد کە تاوەکو ئێستا 16هەزار پارچە زەوی لێ دابەشکراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی کارەباوە تا ئێستا ئاوەدان نەکراوەتەوە. گوتیشی: "ئەم وێستگەیە خزمەتگوزاریی کارەبا دەگەیەنێتە گەڕەکەکە و دەبێتە هۆی ئاوەدانکردنەوەی."

فارس میرخان ئاماژەی بەوەش کرد، گوژمەی ئەم پڕۆژانە 100 ملیار دینارە و بڕیارە لە ماوەی 24 مانگدا تەواو بکرێن. هەروەها گوتیشی: "ئەم وێستگانە بارگرانی (Overload) لەسەر وێستگەکانی دەوروبەریان کەم دەکەنەوە و دەبنە هۆی باشتربوونی دۆخی کارەبا لەو ناوچانەدا."