ئەمریکا لێدان لە کەشتییەکی جەنگیی خۆی رەتدەکاتەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا هەواڵی لێدانی کەشتییەکی جەنگیی وڵاتەکەی لەلایەن ئێرانەوە رەتدەکاتەوە و جەخت لە بەردەوامیی پڕۆژەی ئازادی و گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 04ـی ئایاری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردەوە، دەنگۆی میدیاکانی ئێران سەبارەت بە پێکرانی کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی بە دوو مووشەک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دوورە لە راستییەوە.
سێنتکۆم لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "هیچ کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمریکا نەکراوەتە ئامانج، هێزەکانمان پاڵپشتی لە پڕۆژەی ئازادی دەکەن و گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا جێبەجێ دەکەن."
پێشتر میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردبووەوە هێزەکانی سوپای پاسداران توانیویانە بە دوو مووشەک کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا بپێکن.
گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمز پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا پرۆسەیەکی نوێی بە ناوی "پڕۆژەی ئازادی" راگەیاندووە بۆ پاراستنی رێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکان و دەربازکردنیان لە گەرووی هورمز بە سەلامەتی، لە هەمان کاتیشدا گەمارۆیەکی تووندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و رێگە نادات جموجووڵی نایاسایی بکەن.