هەولێر.. پێشانگەی شێوەکاری "بیم" کرایەوە
شەماڵ سەعدوڵڵا، هونەرمەندی شێوەکار، نوێترین پێشانگەی هونەری خۆی بەناوی "بیم"، لە هەولێر لە گەلەری جیهان کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ی ئایاری 2026، شەماڵ سەعدوڵڵا، هونەرمەندی شێوەکار بە کوردستان24ی گوت، "بیم، پێنجەمین پێشانگەی هونەری منە، کە تێیدا کۆمەڵێک بەرهەمی نوێم نمایش کردووە کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا دروست کراون. "بیم"، وەک ناونیشانێک، ئاماژەیە بە هەستێکی قوڵی ترس و نیگەرانیی کۆمەڵایەتی کە لەم سەردەمەدا مرۆڤایەتی رووبەڕووی دەبێتەوە."
شەماڵ سەعدوڵڵا گوتیشی، "ئەم پێشانگەیە کورتەی ئەزموونە هونەرییەکانمە و کارە سەرەتایییەکانم زیاتر رەهەندێکی چیرۆکئامێز و گەڕانەوەیەکی بنکۆڵکارانە بۆ رابردووی هەبووە، بەڵام دواتر هەوڵمداوە بەرەو باسکردنی بابەتە قووڵترەکان بچم وەکو، جەنگ، هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی و چارەنووسی مرۆڤ.
ئەو شێوەکارە باس لە بەردەوامی ئەو پڕۆژە هونەرییە دەکات و دەڵێت، "ئەم پڕۆژەیە بەردەوام دەبێت، چونکە لەگەڵ هەر پێشکەوتنێکی مرۆڤایەتیی، هەڕەشەکانیش گەورەتر دەبن و ئاسۆیەکی روون بۆ ئارامی هێشتا دیار نییە. هەروەها ئەم پێشانگەیە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی هونەری لە هەرێمی کوردستان، و دەرفەتێکە بۆ بینین و تێگەیشتن لەم هەست و بیرۆکانەی کە من لە رێگەی کارەکانمەوە پێشکەشی دەکەم."
شەماڵ سەعدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، "ناوەڕۆکی پێشانگەی "بیم"، زیاتر تەنیا پیشاندانی تابلۆیەکانە، ئەوە جۆرێکە لە گەڕانێکی فکریی و هەستیی بۆ ناو دۆخی مرۆڤ لەم سەردەمەدا. هەروەها پێشانگەکە دەچێتە ناو چەندین هێمای سەرەکی وەکو، ترس، یادەوەری و رابردوو، چارەنووسی مرۆڤایەتی. هەروەها پێشانگەیەکی بیرۆکەیی و فەلسەفییە کە دەیەوێت بینەر لە تەماشاکردن، تەنیا بگوازێتەوە بۆ بیرکردنەوە و هەستکردن بە دۆخی مرۆڤ لەم سەردەمە پڕ مەترسییەدا."
گەلەری جیهان، بە هاوکاری کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ، پێنجەمین پێشانگەی شێوەکاری بۆ شەماڵ سەعدوڵڵا بەناوی "بیم"، لە هەولێر لە گەلەری جیهان کردەوە.
شەماڵ سەعدوڵڵا، هونەرمەندی شێوەکار، دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێرە، بەشداری چەندین پێشانگەی هاوبەشی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان کردووە و ئەوە پێنجەمین پێشانگەی تایبەتی خۆیەتی کە لە هەوێر کردویەتییەوە.
