تەرزە جاف: شیعر پینەکردنی ئازارەکانی رۆحە
ئەمڕۆ هەینی، 8ی ئایاری 2026، تەرزە جاف، شاعیر و نووسەر، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا تیشک دەخاتە سەر خەسڵەتەکانی شاعیر و باس لە نووسینی شیعرەکانی خۆی دەکات.
تەرزە جاف دەڵێت، "شاعیرەکانیش هەر مرۆڤن، بەڵام هەستیارترن، هەستەکانیان دەکەنە کەرەستەی نووسین و لە وشەکان مانای نوێ دروست دەکەن."
تەرزە جاف، شاعیر و نووسەر، دەربارەی خەسڵەتەکانی شاعیر بە کوردستان24ی گوت، "مرۆڤ خۆی بوونەوەرێکی سەیرە و بنەمای زۆربەی ئازارەکانیش لە تێنەگەیشتن و نامۆبوونی مرۆڤەکان بە یەکترەوە سەرچاوە دەگرن، بۆیە شاعیر لەبەرچاویدا تەنیا مرۆڤێکی هەستیارترە، کە بە هەستی بینین و بیستن و بۆنکردن دەتوانێت وشەکان تێکەڵ بکات و مانایەکی نوێ دروست بکات. ئەوەی کە لە کۆتاییدا خوێنەر رادەچڵەکێنێت نەک تەنیا وشەکانە، بەڵکو ئەو هەستە شاراوەیەیە کە لە پشت وێنە شیعرییەکانەوە هەیە.
تەرزە جاف گوتیشی، "شیعر زیاتر لە هەر شتێک هەڵقوڵینی هەستە، نەک ئەنجامی پلاندانان یان رێنماییە ئەدەبییەکان، هەر بۆیەش رەخنەی جددی بە تەواوی ناتوانێت شیعری باش دروست بکات، چونکە شیعر لە شوێنێکەوە هەڵدەقوڵێت کە هیچ پەیوەندییەکی بە جدیبوونەوە نییە.
تەرزە جاف باس لە دەستپێک و کۆتایی هێنان بە شیعر دەکات و دەڵێت، " ناتوانرێت رێسایەکی دیاریکراو بۆ دەستپێک و کۆتایی شیعر دابنرێت، بە پێچەوانەی توێژینەوە، شیعر شتێکی هەستیارە و لە ساتی داهێناندا دەڕژێتە سەر لاپەڕە، دوای نووسینی تێکستەکە ئینجا شاعیر بیر لە رێکخستن و جوانکردنی دەکاتەوە.
تەرزە جاف ئاماژەی بەوەش دا، "ئەزموونی کەسی و دۆخی کۆمەڵایەتی لە شوێنێکی هاوبەشدا یەکتر دەگرنەوە، بەڵام ئەوەی پڕیشکی شیعر دەگیرسێنێت ئازارە، شیعر پینەکردنی ئازارەکانی رۆحە بە وێنە و وشە. لە هەمان کاتدا جیاوازی هەستەکانی ژنێکی کورد لەگەڵ ژنێکی ئەوروپی بە نموونەیەکی گرنگ دەزانم، چونکە پێم وایە کۆمەڵگەی کوردی هەستە گەرمەکان دروست دەکات، لە عەشق و پێکەنینەوە تا گریان و لەدەستچوون.
ئەو خانمە شاعیرە باس لە ژن و سنوورە نەبینراوەکان دەکات و دەڵێت، " لە ناخی مرۆڤی کورددا سنوورێکی نەبینراو بۆ بیرکردنەوە و هەستکردن هەیە، و ئەو سنوورە بۆ ژن توندترە، بەڵام لەگەڵ هەبوونی ئەو بەربەستانە، لە نووسیندا هەستی ئازادیم کردووە. من گرنگی بە جیابوونەوەی تێکست و کەسایەتی دەدەم، زۆر شاعیر هەن کە زۆر سەرسامم بە تێکستەکانیان، بەڵام ئەگەر بیانبینم کیلۆمەترێک خۆم دوور دەخەمەوە لە وزە و کەسایەتییان.
تەرزە جاف باس لە پەراوێزخراوی شیعری کوردی دەکات و دەڵێت، " شیعر بە تەواوی پەراوێزخراوە، خۆزگە دەزگەیەک هەبوایە بۆ رێگەکردنەوە لەبەردەم شیعرە باشەکان. چونکە بەبۆچوونی من نە شیعری باش و نە خراپ گرنگییان پێنەدراوە و شیعر بە گشتی لە پەراوێزدا ژیان بەسەر دەبات.
تەرزە جاف باسی لەوەش کرد، " کێشەکە تەنیا لە شیعردا نییە، بەڵکو گۆرانییش لە قەیرانێکی هاوشێوەدایە. بۆ نموونە گۆرانیی "سێوەخان"، بە تەنیا بەرهەمی شاعیر نییە، بەڵکو هاوکاریی وشە و مۆسیقا و دەنگە، شیعری رەفیق سابیر، عودی ئارەزو ئیسماعیل و دەنگی ماهیر حەمەد ئەو شاکارەیان دروست کرد.
لەکۆتایی قسەکانی دا، تەرزە جاف، شاعیر و نووسەر باس لە پڕۆژەی نوێی خۆی دەکات و دەڵێت، "من هێشتا لە ژێر کاریگەری نووسین و داهێناندام و بەردەوامم، بەڵام بڵاوکردنەوە کاتی خۆی هەیە، بۆیە شیعر هەستە و دەڕژێتە سەر لاپەڕە.
تەرزە جاف، شاعیر و وەرگێڕ، ساڵی 1972 لە سلێمانی لەدایک بووە، ساڵی 1995 بەکالۆریۆسی لە بواری جوگرافیا بەدەست ھێناوە. ساڵی 2016 وەکو پێشکەشکار لە دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 دامەزرا. خاوەنی چەند بەرهەمێکە لەبواری وەرگێڕان و شیعردا و چەندین بابەتی هەمەلایەنەی لە گۆڤار و رۆژنامەکان بڵاوکردووەتەوە.