رەوتی هەڵوێست لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە
رەوتی هەڵوێست رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ناوخۆیی دەبێتەوە و بەپێی زانیارییەکان، رەوتەکە لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە، ئێستا بەرەیەکی ناڕازی لەنێو رەوتەکەدا دروست بووە و پەردە لەسەر کۆمەڵێک ململانێ و "پەیوەندی ژێربەژێر" لادەبەن.
بەرەی ناڕازی لەنێو رەوتی هەڵوێست بەکوردستان24 یان راگەیاند، "ئەو رەوتەی بڕیار بوو ببێتە سەکۆیەک بۆ دەنگە ناڕازییەکان، ئێستا گۆڕاوە بۆ پڕۆژەیەکی کەسی و گۆڕەپانی جەنگی ساردی نێوان هاوڕێکانی دوێنێ"، ئەوان عەلی حەمەساڵح تۆمەتبار دەکەن بەوەی رەوتەکەی تەنیا بۆ گەیشتنەوە بە کورسیی پەرلەمان بەکارهێناوە.
ئەندامانی بەرەی ناڕازی ئاماژە بەوە دەکەن، عەلی حەمەساڵح ترسی لە ئەنجامدانی کۆنگرە هەیە، چونکە نایەوێت دەسەڵاتەکانی لەدەست بدات، دەڵێن، "عەلی حەمەساڵح لە یەک کاتدا بڕیاردەر، سەرۆکی لیست و فراکسیۆنە و متمانەی بە کەسی تر نییە."
هەروەها گومان دەخەنە سەر سەرچاوەی دارایی رەوتەکە و رایدەگەیەنن، "خەرجیی بارەگاکان، کۆنفرانسەکان و تەنانەت سپۆنسەری پەیجەکانی سۆشیال میدیا لەلایەن لایەنێکی دەسەڵاتەوە دابین دەکرێت و عەلی حەمەساڵح وەک ستافی ئەو حزبە کار دەکات."
یەکێکی دیکە لە خاڵە مشتومڕاوییەکان، پرسی بایکۆتی پەرلەمان بوو بەهۆی "تەزویر"ەوە، بەرەی ناڕازی دەڵێن، "هەڵپەی کورسی و مووچەی 8 ملیۆنی، وایکرد هەموو بەڵێنەکان فەرامۆش بکرێن و بچنە پەرلەمان."
بەپێی زانیارییەکان، هەر یەکە لە (دکتۆرە سارا، سازگار فایەق و بەدەل بەرواری) بە فەرمی پەیوەندییان بە رەوتەکەوە نەماوە، بەرەی ناڕازی دەڵێن، سەرکردایەتی ئێستا هەر کەسێکی بەتوانایان شک بردبێت، تۆمەتیان بۆ دروست کردووە تا تەنیا خۆیان لە "واجیهە"دا بمێننەوە.
لە ئێستا رەوتی هەڵوێست بووەتە دوو بەش؛ گرووپێکی کەم لەناو پەرلەمان و گرووپێکی فراوانتر لە دەرەوەی پەرلەمان کە ئامادە نین هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ سەرکردایەتی ئێستا بکەن، ناڕازییەکان جەخت دەکەنەوە، "چیتر رێگە نادەین ناوی ئۆپۆزسیۆن بۆ بەرژەوەندی خێزانی و مووچەی بەرز بەکاربهێنرێت."
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە رەوتەکە لە سەرەتای تەمەنی سیاسی خۆیدایە و چاوەڕوان دەکرێت لە رووداوەکانی داهاتوودا ئاستی کێشەکان زیاتر تەقینەوە بەخۆیانەوە ببینن.