سکۆت بێسێنت: ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی لەدەستداوە
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و جەخت دەکاتەوە کە سوپای ئێران توانای رووبەڕووبوونەوەی نییە و ئابووریی ئەو وڵاتەش لە لێواری هەرەسهێناندایە.
دووشەممە 4ی ئایاری 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیووز" رایگەیاند، ئەمریکا بە تەواوی کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە و رێگە نادات ئێران ئازادیی هاتوچۆی دەریایی پەکبخات.
بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد، دوای هەوڵەکانی ئێران بۆ داخستنی گەرووەکە، ئەمریکا "پڕۆژەی ئازادی" (Project Freedom)ی دەستپێکردووە بۆ کردنەوەی ئەو رێڕەوە نێودەوڵەتییە. گوتیشی: "ئەمە هەوڵێکی مرۆییە، چونکە داخستنی گەرووەکە تەنیا کاریگەری لەسەر وزە نییە، بەڵکو گواستنەوەی خۆراک، پەین و پێداویستییەکانی ژیانی ملیارەها مرۆڤ لە جیهاندا دەخاتە مەترسییەوە."
وەزیری گەنجینە گوتیشی: "سەرکردەکانی ئێران لە ناو پەناگەکاندا خۆیان حەشارداوە و نازانن لە دەرەوە چی دەگوزەرێت. هێزی دەریایی ئەوان چیتر سوپا نییە، بەڵکو تەنیا باندێکی چەتەی دەریایین." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئابووری ئێران لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە "ئەوان دەڵێن بەرگەی ئازار دەگرن، بەڵام سەربازەکانیان ناتوانن بەرگەی ئەوە بگرن کە مووچەیان پێنەدرێت."
لە تەوەرێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، بێسێنت باسی لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەیژینگ کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و سەقامگیرییە. گوتیشی خۆی و هو لیفۆنگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین، بەرپرسن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئابوورییەکان، لە کاتێکدا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، سەرپەرشتی لایەنە سیاسییەکە دەکات.
بێسێنت داوای لە چین کرد بچێتە پاڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی و گوتی: "ئەگەر چین و رووسیا دەیانەوێت وەک هاووڵاتییەکی باشی جیهانی دەربکەون، پێویستە لە ناو نەتەوە یەکگرتووەکاندا رێگری لە بڕیارەکان نەکەن و پشتیوانی لەم ئۆپەراسیۆنە نێودەوڵەتییە بکەن."