یەکێتیی ئەوروپا: ئیمارات کراوەتە ئامانجی هێرشی مووشەک و درۆنی ئێران
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئیمارات دەربڕی و رایگەیاند کە هێرشەکانی ئێران پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و کار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوەکانی تاران.
دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، ئیمارات، وەک هاوبەشێکی سەرەکی ئەوروپا، جارێکی دیکە کراوەتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کە سەرچاوەکەیان لە ئێرانەوە بووە.
ڤۆندەرلاین هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ محەمەد بن زیاد، سەرۆکی ئیمارات و گەلی ئەو وڵاتە و هەموو هاوبەشەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی. گوتیشی: "ئەم هێرشانە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین و پێشێلکارییەکی روونی سەروەری و یاسا نێودەوڵەتییەکانن."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە، ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئاسایشی ئەوروپاوە هەیە، بۆیە بەردەوام دەبن لە کارکردنی نزیک لەگەڵ هاوبەشەکانیان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ڤۆندەرلاین ئاماژەی بەوە دا, ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە "کردەوە توندوتیژەکانی ئێران"، چ ئەوانەی بەرانبەر بە دراوسێکانی ئەنجامی دەدات و چ ئەوانەی بەرانبەر بە گەلی وڵاتەکەی خۆی دەیکات.