مێلۆنی: پشتیوانی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئیتاڵیا ناکەم
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەموو پابەندییە سەربازییەکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆ جێبەجێ کردووە و جەختی کردەوە کە پێویستە ئەوروپا سیستەمی بەرگریی خۆی بەهێزتر بکات.
دووشەممە 4ـی نیسانی 2026، جیۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی سەربازانی ئەمریکی لە ئیتاڵیا، رایگەیاند، ئەو ناتوانێت پێشبینی بکات چی روودەدات، بەڵام جەختی لە مێژووی پابەندبوونی وڵاتەکەی کردەوە.
مێلۆنی گوتی: "ئیتاڵیا هەمیشە بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. ئێمە هەموو ئەو پابەندییانەی واژۆمان کردوون، بەتایبەتی لە ناو ناتۆ، بە ئەنجاممان گەیاندوون. تەنانەت لەو شوێنانەی بەرژەوەندی راستەوخۆشمان نەبووە، وەک ئەفغانستان و عێراق، ئیتاڵیا لەوێ بووە."
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە دا، ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە باس لە کەمکردنەوەی پابەندییەکانی لە ئەوروپا دەکات، بۆیە "پێویستە ئێمە ئاسایشی خۆمان بەهێز بکەین و توانای وەڵامدانەوەمان لەم رووەوە گەشە پێ بدەین."
سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی سەربازانی ئەمریکی، مێلۆنی گوتی: "روونە کە ئەمە بڕیارێک نییە پەیوەندی بە منەوە هەبێت، بەڵام من بە شەخسی لەگەڵ ئەو بڕیارە نیم و پشتیوانی ناکەم." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک لەو رەخنانەی ئاراستەی ئیتاڵیا دەکرێن نادروستن، چونکە ئیتاڵیا هەمیشە هاوبەشێکی جێگەی متمانە بووە.