89 ساڵ بەسەر بڕیاری کۆمەڵکوژیی دێرسیمدا تێدەپەڕێت
89 ساڵ بەسەر بڕیاری ئۆپەراسیۆنی کۆمەڵکوژیی دێرسیمدا تێدەپەڕێت، لەم یادەدا، پلاتفۆرمی دیموکراسی و پارتە سیاسییەکان لە دەرسیم بە رێپێوان و بەیاننامەیەک کۆمەڵکوژییەکەیان شەرمەزار کرد و داوای روونکردنەوەی راستییەکانی ئەو رووداوە مێژووییەیان کرد.
لە 89ـەمین ساڵیادی بڕیاری ئۆپەراسیۆن بۆ سەر دێرسیم، کە بووە هۆی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید، لە شاری دێرسیم خۆپێشاندانێک بەڕێوەچوو. هاوسەرۆکانی دەم و پارتی هەرێمە دیموکراسەکان (DBP) و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاووڵاتییان بەشدارییان لە یادەکەدا کرد. دوای ڕێپێوانێک لە "شەقامی هونەر"، چەند گوتارێک پێشکەش کران و تێیاندا داواکرا ڕاستییەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە ئاشکرا بکرێن و شوێنی گۆڕی سەید رەزا و شەش لە هاوڕێکانی دیاری بکرێن.
هاوکات، پەرلەمانتارانی دەم پارتی بە مەبەستی روونکردنەوەی رەهەندەکانی کۆمەڵکوژیی دێرسیم، پێشنیازێکیان بۆ لێکۆڵینەوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد. لە پێشنیازەکەدا هاتووە کە دەسەڵاتی ئەو کاتەی تورکیا بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکە.
لە 4ـی ئایاری 1937، بڕیاری ئۆپەراسیۆن بۆ سەر دێرسیم درا. ئۆپەراسیۆنەکە لە مانگەکانی هاوینی هەمان ساڵدا دەستیپێکرد و تاوەکو کۆتایی ساڵی 1938 بەردەوام بوو. لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەو دوو ساڵەدا، دەیان هەزار کەس کوژران و هەزارانی دیکەش کۆچبەر و دوورخرانەوە. سەید رەزا، وەک رێبەری سەرهەڵدانەکە، لەگەڵ شەش لە هاوڕێکانی لەسێدارە دران، کە تاوەکو ئێستاش شوێنی گۆڕەکانیان بە نادیاری ماوەتەوە.