قەرزە نیشتمانییەکانی ئەمریکا لە 100%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی تێپەڕاند
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا نوێترین ئامارەکانی بڵاوکردەوە و تیادا دەرکەوتووە قەبارەی قەرزە نیشتمانییەکانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) تێپەڕیوە، ئەمەش هۆشداریی لای شارەزایانی ئابووری دروست کردووە.
دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا گەیشتووەتە 31.9 تریلیۆن دۆلار، لە بەرانبەردا کۆی قەرزەکان گەیشتووەتە 31.4 تریلیۆن دۆلار، بەمەش رێژەی قەرزەکان لە 100%ـی ئابووریی وڵاتەکەی تێپەڕاندووە، ئەمەش ئاستێکە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە هاوشێوەی نەبووە.
لەمبارەیەوە، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە شیکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دۆخی دارایی ئەمریکا بەرەو داهاتوویەکی تاریک دەچێت، ئەوەی جێی نیگەرانییە تەنها رێژەی ئێستای قەرزەکە نییە، بەڵکو ئەو ئاراستە مەترسیدارەیە کە وڵاتەکە گرتوویەتیە بەر، هاوکات نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس (CBO) پێشبینی دەکات تا ساڵی 2036، رێژەی قەرزەکان بگاتە 120%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی.
شیکردنەوەکە باس لە بوونی کەلێنێکی پێکهاتەیی دەکات لە نێوان داهات و خەرجییەکاندا، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی ئەم قەرزانە کەمیی داهاتە، بە جۆرێک داهاتی فیدراڵی تەنها 17% بۆ 18%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت، هەروەها یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان زیادیی خەرجییەکانی حکوومەتە کە لە 23%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی تێدەپەڕێت، هاوکات پێشبینی دەکرێت تێچووی سوودی قەرزەکان تا ساڵی 2031 بگاتە 1.5 تریلیۆن دۆلار، کە دەکاتە زیاتر لە 4%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی.
لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، ئەمریکا توانی قەرزەکانی کەم بکاتەوە بەهۆی کەمکردنەوەی خەرجیی جەنگ و زیادبوونی هێزی کار، بەڵام ئێستا رووبەڕووی چەند ئاستەنگی نوێ بووەتەوە، وەک:
بەرزبوونەوەی رێژەی خانەنشینان و بەساڵاچووان.
کەمبوونەوەی گەشەی هێزی کار بەهۆی سیاسەتە توندەکانی کۆچبەری.
هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان.
هەندێک لە گەشبینەکان پێیان وایە، پەرەسەندنی ژیریی دەستکرد (AI) دەبێتە فریادڕەس، ئەویش لە رێگەی بازدانی گەورە لە بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی خێرای ئابووری، کە دەکرێت هاوسەنگییەکە بۆ بەرژەوەندیی حکوومەت بگۆڕێت.
لە ئێستادا بازاڕەکانی جیهان هێشتا متمانەیان بە توانای ئەمریکا بۆ دانەوەی قەرزەکانی هەیە، بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن، هەر بەرزبوونەوەیەکی سوودی بانکی دەبێتە هۆی قەیرانی دانەوەی قەرزەکان بۆ ئەمریکا، بەتایبەت کە وڵاتانی وەک چین و ژاپۆن بڕێکی زۆر لە قەرزەکانی ئەمریکایان لایە و خاوەنداریی یەک لەسەر سێی قەرزە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە دەکەن.