جەنگی ئێران گەشتیاریی ئایینی لە نەجەف پەکخستووە
پێشتر بازاڕی کۆنی نەجەف جمەی دەهات لە کڕیاری بیانی، بەڵام ئێستا دوکانداران کاتەکانیان بە چاوەڕوانییەکی بێسوود بەسەر دەبەن و بەهۆی شەڕەوە زیاتر لە 80%ی هۆتێلەکان داخراون. شەڕ گورزێکی کوشندەی لە بازاڕ و هۆتێلەکانی شارەکە داوە، بژێویی ئەوان تەنیا لەسەر گەشتیاریی ئایینییە.
عەبدولڕەحیم هەرمووش، زێڕنگەر لە بازاڕەکە، گوتی، "ئێستا تەنیا 5%ی ئەو قەرەباڵغییەی جاران ماوە. پێشتر بەهۆی زۆریی بیانییەکان و ئێرانییەکانەوە نەدەتوانرا بچیتە ناو بازاڕ، هەتا دەستفرۆشەکانیش کڕیار دەوری دابوون، بەڵام وەک دەبینن ئێستا تەنیا عێراقییەکان ماون. ئەم جێگە گەشتیارییانە پشت بە گەشتیاری ئایینی دەبەستن، ئەم رەوشە رەنگە ببێتە هۆی داڕمانی ئابووری."
حازم شەنون، بەرگدوور، ئاماژەی بەوە دا، "ژمارەی گەشتیاران زۆر کەمترە لە جاران بەهۆی رووداوەکان و شەڕەوە. گەشتیارە بیانییەکانی کەنداو و دەڤەرەکانی دیکە نایەن. ئێرانییەکان پێشتر دەهاتن و شتیان دەکڕی، بەڵام ئێستا هەرچەندە رەوشی ناوخۆ جێگیرە، بەڵام رەوشەکە وەک پێش شەڕ نییە."
کەرتی هۆتێل، بڕبڕەی پشتی ئابووریی نەجەفە و زیانمەندی یەکەمە. سائیب ئەبو غنێم، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێلەکانی نەجەف، رایگەیاند، "کەرتی گەشتیاری لە عێراق و بەتایبەت لە نەجەف، زیاتر لە 80% پشت بە گەشتیارانی ئێران دەبەستێت. لەبەر ئەوەی ئێران رووبەڕووی ئەم شەڕە بووەتەوە و رەوشی ئابوورییان بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە خراپە، بۆ گەشتیاران قورسە خەرجییەکان دابین بکەن، هەتا ئەگەر کەمیش بێت."
ئەبو غنێم روونیشی کردەوە، "هەروەها 10%ی گەشتیاران لە لوبنانەوە دەهاتن. ئێستا لە کۆی 250 هۆتێل، زیاتر لە 80%یان داخراون."
شاری نەجەف ساڵانە خانەخوێی ملوێنان گەشتیاری ئایینی دەکات، زۆربەیان لە ئێران، لوبنان، پاکستان و وڵاتانی دیکەی کەنداوەوە دەهاتن. داهاتی ئەم گەشتیارییە ساڵانە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت و هەزاران هەلی کاری رەخساندووە. بەڵام گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر جووڵەی بازرگانی لە دەڤەرە ئاینییەکانی عێراق هەبووە، ئەمەش وایکردووە شارەکە لە بووژانەوەیەکی گەورەوە بچێتە ناو ئاستی خاوی و چاوەڕوانییەکی نادیار.