نرخی نەوت ناجێگیرە
ئەمڕۆ هەینی، نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەڵبەز و دابەزێکی روونیان بەخۆوە بینی، پاش ئەوەی لە سەرەتای مامەڵەکاندا بە رێژەی 3% بەرزبووەوە، دواتر نرخەکەی کەمێک دابەزی، ئەمەش بەهۆی ئەو نیگەرانییانەی لە بارەی رەوشی سەربازی لە گەرووی هورمز دروست بووە.
هەینی 8ـی ئایاری 2026، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە بڕی 22 سەنت 0.2% بەرزبووەوە و گەیشتە 100.28 دۆلار، هەروەها نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە بڕی 5 سەنت بەرزبووەوە و لە نزیک 94.86 دۆلار جێگیر بوو.
لەگەڵ ئەم بەرزبوونەوەیەشدا، هەردوو جۆرەکەی نەوت بەرەو تۆمارکردنی زیانێکی هەفتانەی قورس دەچن کە زیاترە لە 7% ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین شەپۆلەکانی دابەزین لە دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
هۆکاری ئەم دابەزینە هەفتانەیە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ئەگەرەکانی رێککەوتنی دیپلۆماسی لە نێوان واشنتن و تاران، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی کاریگەرییە جیۆپۆلەتیکییەکان لەسەر نرخەکان.
ئەم جێگیرنەبوونەی نرخەکان گوزارشت لە دابەشبوونی بازاڕەکان دەکات لە نێوان ترسی پچڕانی گواستنەوەی وزە لە رێگەی کەنداوەوە، هەروەها ئومێدی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی دیپلۆماسی و جێگیرکردنی ئاگربەست بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەشتیاری دەریایی لە گەرووی هورمزدا.