قالیباف: دۆخی گەرووی هورمز بەهۆی پێشێلی ئاگربەستە لەلایەن ئەمریکاوە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە رایگەیاند، هاوکێشەیەکی نوێ لە گەرووی هورمز لە قۆناخی چەسپاندن و جێگیربووندایە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی، ئاسایشی کەشتیوانی و گواستنەوەی وزە لە ناوچەکەدا، بەهۆی پێشێلکردنی ئاگربەست و سەپاندنی گەمارۆ لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە کەوتووەتە مەترسییەوە، جەختیشی کردەوە، "لە کۆتاییدا شەڕ و خراپەکارییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کۆتایی پێ دێت و کەم دەبێتەوە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی واشنتن کرد و گوتی: "بە باشی دەزانین کە بەردەوامیی دۆخی ئێستا بۆ ئەمریکا چیتر جێگەی بەرگەگرتن نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێمە هێشتا تەنانەت دەستیشمان بە کارەکانمان نەکردووە."
ئەم لێدوانانەی قالیباف وەک ئاماژەیەک بۆ پەرەسەندنی توانا ستراتیژییەکانی ئێران لە ناوچەکە و گوشار خستنە سەر هێزە بیانییەکان لە کەنداو و گەرووی هورمز لێکدەدرێتەوە.
معادلهٔ جدید تنگهٔ هرمز در حال تثبیت است. امنیت کشتیرانی و ترانزیت انرژی به دست آمریکا و متحدانش با نقض آتشبس و اعمال محاصره به خطر افتاده است؛ البته شرّشان کم خواهد شد.
— محمدباقر قالیباف | MB Ghalibaf (@mb_ghalibaf) May 5, 2026
خوب میدانیم که استمرار وضع موجود برای آمریکا غیر قابل تحمل است؛ درحالی که ما هنوز حتی شروع هم نکردهایم.
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە سوپای ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" لە گەرووی هورمز دەستپێکرد. ئەم ئۆپەراسیۆنە کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەرپەرشتی دەکرێت، هێزێکی گەورە لەخۆدەگرێت کە پێکهاتووە لە زیاتر لە 100فڕۆکەی جەنگی و 15هەزار سەرباز. ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لەم هەنگاوە، پاراستنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و چاودێریکردنی ئەو گەمارۆ دەریاییەیە کە واشنتن چەند هەفتەیەکە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، چەند وڵاتێکی بێلایەن داوای هاوکارییان لە ئەمریکا کردووە بۆ رزگارکردنی کەشتییە گیرخواردووەکانیان لە گەرووی هورمز. بەڵام لە بەرانبەردا، بەرپرسانی ئێران، لەوانە سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، بە توندی دژی ئەم هەنگاوە وەستاونەتەوە و هۆشدارییان داوە کە هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا بە "پێشێلکردنی ئاگربەست" دادەنرێت.