ئاماژەکانی ئەگەری رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران نرخی نەوتی دابەزاند
دوو رۆژە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا رووەو دابەزینە، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ئێران دا، کە ئەوەش دەبێتە هۆی دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی ناوچەکە.
چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026، نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت 1.89 دۆلار، واتە بە رێژەی 1.7% دابەزی و گەیشتە 107.98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکی (WTI) بە بڕی 1.83 دۆلار، واتە بە رێژەی 1.8% دابەزی و بە 100.44 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەم دابەزینەی نرخەکان دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رایگەیاند، بۆ ماوەیەکی کورت ئۆپەراسیۆنی هاوکاریی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز رادەگرن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە هەبوونی پێشکەوتن لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران، بەڵام تاران تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی بەرانبەر ئەم لێدوانە نەبووە.
ئەنهـ فام، پسپۆڕی باڵای توێژینەوەی نەوت لە (LSEG) بە ئاژانسی رۆیتەڕزی راگەیاندووە "ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و هیوا دەبەخشن بە ئازادکردنی ئەو کەشتیانەی لە کەنداودا گیریان خواردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وردە وردە بڕی خستنەرووی نەوت بۆ بازاڕەکان زیاد بکاتەوە."
سەرەڕای ئەم ئاماژانە بۆ ئاشتی، ترەمپ جەختی کردەوە کە هێزی دەریایی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران. کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران لە بازاڕەکانی جیهاندا، هۆکار بوو بۆ ئەوەی هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی ئاداری 2022 تۆمار بکات.
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی "لەسەر ئەوە رێککەوتووین، گەمارۆکان وەک خۆیان بەردەوام بن، بەڵام (پڕۆژەی ئازادی) بۆ ماوەیەکی کورت رادەگیرێت، تاوەکو بزانین رێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت یان نا."
ئەم بڕیارەی تڕەمپ تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژنامەنووسانی لە هەوڵەکان بۆ پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز ئاگادار کردبووەوە.
هاوکات داتاکانی پەیمانگای پترۆڵی ئەمریکی (API) نیشانی دەدەن کە کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا بۆ سێیەم هەفتە لەسەریەک کەمبوونەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە. بەپێی ئامارەکان، کۆگاکانی نەوتی خاو بە بڕی 8.1 ملیۆن بەرمیل کەمیان کردووە، هەروەها کۆگاکانی بەنزین 6.1 ملیۆن بەرمیل و سووتەمەنییەکانی دیکەش 4.6 ملیۆن بەرمیل دابەزیون.
بە گوێرەی ئاماژەکان ئەگەر شەڕی ئێران بە تەواوی بوەستێت، نرخەکان بەم شێوەیەی خوارەوە کاریگەر دەبن:
1. گەڕانەوەی نەوتی ئێران: لادانی گەمارۆکان لەسەر بەندەرەکانی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی بڕێکی زۆر لە نەوتی خاو بگەڕێتەوە ناو بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوو دروست دەکات و نرخەکان دادەبەزێنێت.
2. کردنەوەی گەرووی هورمز: رۆژانە نزیکەی 20%ی نەوتی جیهان لەم گەرووەوە تێدەپەڕێت. کردنەوەی ئەم رێڕەوە مەترسییەکانی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ناهێڵێت و تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی (بیمە) کەم دەکاتەوە، کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخ دەبێت.
3. شکاندنی ئاستی 100 دۆلار: ئێستا نرخی نەوتی برێنت لە دەوروبەری 107.98 دۆلار و نەوتی تەکساس لە 100.44 دۆلاردایە. شارەزایان پێشبینی دەکەن لە ئەگەری وەستانی شەڕ، نرخەکان ئاستی 100 دۆلار دەشکێنن و بەرەو نێوان 85 بۆ 95 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەچن.
هەرچەندە ئاشتی دەبێتە هۆی دابەزینی نرخ، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ماوەی شەڕەکەدا کۆگاکانی نەوت لە جیهاندا زۆر کەمیان کردووە (بەپێی ئاماری API بە بڕی 8.1 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە)، کاتی دەوێت تاوەکو نرخەکان بە تەواوی جێگیر دەبن، چونکە پاڵاوگەکان پێویستیان بە کڕینەوەی نەوت هەیە بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانیان.