ئەکسیۆس: ئیسرائیل سوپاکەی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە دەکات

ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد کە ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە لێواری لێکگەیشتنێکی 14 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، هاوکات سەرۆک ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە رەنگە ڕێککەوتنەکە پێش سەردانەکەی بۆ چین واژۆ بکرێت، بەڵام ئیسرائیل سەرەڕای هەماهەنگییەکانی، سوپاکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدا هێشتووەتەوە.

چوارشەممە 6ی ئایاری 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەی بڵاو کردووەتەوە، ئیسرائیل بە بڕیارەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران، شۆک نەبووە، چونکە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە رۆژانە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گفتوگۆ دەکات؛ ئاماژەشی داوە، تەنانەت تیمەکانی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ئێران لە راوێژی بەردەوام دان.

ئەو سەرچاوە ئیسرائیلییە باسی لەوەش کردووە، وڵاتەکەی متمانەیەکی زۆری بە ترەمپ هەیە، بەهۆی ئەو هەڵوێستە توندەی بەرانبەر بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران و هێڵە سوورە دیارییکراوەکان هەیە.

هاوکات لە بارەی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ، ئاماژەی دا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوپای وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەبن، تەنانەت بۆ ئەگەر دووبارە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیش بێت.

هەر ئەمڕۆ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد کە کۆشکی سپی و تاران لە لێواری گەیشتن بە لێکگەیشتنێکی مێژووییدان و یاداشتنامەیەکی 14 خاڵی وەک نەخشەڕێگای نوێی دیپلۆماسی ئامادە کراوە.

بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە، ئەمریکا پابەند دەبێت بە ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکان لە ماوەی مانگێکدا، لە بەرامبەردا تاران رەزامەندی داوە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رەوانەی دەرەوە بکات و گەرەنتی نەگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بدات.

ئەکسیۆس باسی لەوەش کردووە، ئەمریکا چاوەڕێ دەکات لە 48 کاتژمێری داهاتوو ئێران وەڵامی چەند خاڵێک لە پێشنیازەکان بداتەوە، ئاماژەشی داوە، لە دوای دەستپێکردنی جەنگ بۆ یەکەم جارە، تاران و واشنتن لە رێککەوتن نزیک ببنەوە.

هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "PBS" ئاشکرای کرد، کە واشنتن لە رێککەوتنێکی نزیکە لەگەڵ تاران کە دەکرێت پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین هەفتەی داهاتوو واژۆ بکرێت.