کەسوکاری ئەنفالکراوان لە دادگاییکردنی عەجاج چیرۆکە تراژیدییەکانیان دەگێڕنەوە
لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگایییکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی زیندانی "نوگرەسەلمان" لە سەردەمی رژێمی بەعس، ژمارەیەک لە رزگاربووان و کەسوکاری ئەنفالکراوان ئامادەبوون و چیرۆکی پڕ لە ئازاری خۆیان و چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەو جەلادەیان لەگەڵ زیندانییە کوردەکان گێڕایەوە.
دایکێک لە گێڕانەوەی جێرۆکی تراژیدی خۆیدا گوتی،"دوو منداڵم لەبەرچاوم لە برسان مردن" ئەو یەکێک بووە لە رزگاربووەکانی نوگرەسەلمان بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت: "لەو رۆژەوەی لە نوگرەسەلمان ئازاد کراوم تاوەکوو ئەم بەیانییە سەموون و نانم نەخواردووە، چونکە دوو منداڵم مەلەک تاهیر تەمەن 11 ساڵ و کاروان تاهیر تەمەن 4 ساڵ، لەوێ لە برسان لەبەرچاوم گیانیان سپارد"، ئەو دایکە ئاماژە بەوە دەکات، برسییەتی و ئەشکەنجە خەمێکی وای لادروست کردووە کە ناتوانێت چێژ لە خواردن وەربگرێت.
باوکێک ئاهەنگی کوڕەکەی جێدەهێڵێت بۆ بینینی دادگایی جەلادەکە:
لە دیمەنێکی دیکەدا، باوکێک کە کوڕەکەی لە هەمان رۆژی دادگایی کردنی عەجاج ئاهەنگی هاوسەرگیری هەیە، ئاهەنگەکەی جێهێشتووە و هاتووەتە بەردەم دادگا، ئەو دەڵێت: "ئەمڕۆ بۆ من رۆژێکی تێکەڵ لە خۆشی و ناخۆشییە؛ کوڕەکەم زاوا و نیشتمانم ئەنفالە، من ئاهەنگی کوڕەکەم جێهێشتووە بۆ ئەوەی بێمە ئێرە و دادگایییکردنی ئەم جەلادە ببینم کە 38 ساڵ لەمەوبەر چی بەسەر ئەم خەڵکە هێنا."
ئەشکەنجە و وێرانکردنی خێزانەکان:
ئافرەتێکی دیکەی رزگاربوو باس لەوە دەکات، چۆن پیاوەکەی ئەنفال کراوە، کوڕەکەی لە زیندان بووە و دوو برای ئەنفال و برایەکی شەهید بووە، ئەو دەڵێت: "عەجاجمان لە زیندان دەبینی، رێگەی نەدەدا سەیری بکەین، هەرکەس سەیری بکردایە بە توندی ئەشکەنجەی دەدا. ئێستاش دوای 38 ساڵ بینیمەوە و ناسیمەوە کە هەمان ئەو جەلادەیە ئێمەی ئەشکەنجە دەدا".
داواکاری قوربانیان:
قوربانیانی نوگرەسەلمان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەوان نەک تەنها داوای دادپەروەری، بەڵکو داوای ئەوە دەکەن جیهان و دادگا بزانن ئەو تاوانبارانە چ ژیانێکیان لێ تاڵ کردوون، یەکێک لە ئافرەتەکان دەڵێت: "داواکاریم ئەوەیە ئەم جەلادە بدەنە دەست خۆمان، با بزانێت برسییەتی و ئەو ژیانە تاڵەی ئەو بە ئێمەی چەشت، چۆنە."
ئەم دادگایییکردنە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیە بەسەر رووداوەکاندا دێت، بەڵام هێشتا برینی کەسوکاری ئەنفالکراوانی ساڕێژ نەکردووە و وەک خۆیان دەڵێن، تا جەلادەکان بە سزای خۆیان نەگەن، ئازارەکانیان کۆتایی نایەت.
دوای ئەوەی کە لە 30ـی تەمووزی ساڵی رابردوو دەستگیرکرا، چەند جارێک بۆ گوتە لێوەرگرتن هێنراوەتە دادگای رەسافە، بەڵام ئەمڕۆ وا دەردەکەوێت دادوەر بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکەی عەجاج بدات، چونکە پێشتر دانی بەو تاوانانەدا ناوە کە لە نوگرەسەلمان دەرهەق بە هاووڵاتیانی کورد ئەنجامی داوە.
لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەدا، نزیکەی 221 کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی ناوچەکانی گەرمیان، خورماتوو، سلێمانی و هەولێر لەبەردەم دادگا و ناو هۆڵی دادبینی ئامادەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە شاهیدی سزادانی ئەو جەلادە بن کە بە دڕندەترین شێوە ئازاری کەسوکاریانی داوە.
عەجاج کە فەرماندەیەکی سەربازی بووە لە زیندانی نوگرەسەلمان، بەوە ناسراوە کە شێوازی قێزەونی ئەشکەنجەدانی بەکارهێناوە، لەوانە هێشتنەوەی زیندانییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی گەرمای بەهێزی بیابانەکانی سەماوە.