سویسرا: ئامادەین میوانداریی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بکەین
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەربڕی، کە بڕیارە لە نێوان هەردوولادا ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، میلانێ گوگڵمان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، "سویسرا ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی ئەو دانوستانانەی کە ئامانجیان چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە."
ئەم لێدوانەی گوگڵمان وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییانەی کە "ژنێف"یان وەک شوێنێکی ئەگەری بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکان دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن دەستنیشان کردبوو.
گوگڵمان باسی لەوەشکرد، "سویسرا ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها جەختیکردەوە، وڵاتەکەی دەخوازێت "پشتیوانی هەر دەسپێشخەرییەکی دیپلۆماسی بکات کە ئامانجی ئاسانکاری بێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتی."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو ململانێکەدا.
لە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئێران هێرشیان کردە سەر ئێران و دوای 40 رۆژ لە جەنگ، ئەمریکا بە نێوەنگیری پاکستان لە 8ـی نیسان ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی بەرانبەر بە ئێران راگەیاند، کاتێک ماوەی ئاگربەستە کاتییەکە کۆتاییهات و ترەمپ جارێکی دیکە ماوەکەی درێژکردەوە بێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو دابنێت.