ئەمریکا چەکێکی نوێ پەرەپێدەدات

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا پلانی هەیە بۆ پەرەپێدانی مووشەکێکی نوێی بەرپەرچدەرەوە کە تێچووەکەی بە دەیان جار کەمترە لە مووشەکی "پاتریۆت"، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو خەرجییە زەبەلاحانەی کە لە جەنگە مووشەکییەکاندا خەرج دەکرێن.

پێنجشەممە 7ـی ئایاری 2026، بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، سوپای ئەمریکا کار دەکات بۆ دروستکردنی مووشەکێک کە تێچووەکەی کەمتر بێت لە 250 هەزار دۆلار، ئەم بڕە تەنها بەشێکی زۆر کەمی تێچووی مووشەکەکانی پاتریۆتە کە نرخی هەر دانەیەکیان دەگاتە چەندین ملیۆن دۆلار و لە ماوەی رابردوودا لە ململانێکاندا بە شێوەیەکی فراوان بەکارهێنراون.

دانیال دریسکۆڵ، وەزیری سوپای ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە، واشنتن بە نیازە سوود لە ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکان وەربگرێت بۆ پەرەپێدانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەم مووشەکە، بڕیارە سوپای ئەمریکا لە هەفتەکانی داهاتوودا بە فەرمی پڕۆژەکە رابگەیەنێت و لە ماوەی ساڵێکیشدا تاقیکردنەوەی سەرەتایی بۆ تەکنەلۆژیای مووشەکەکە ئەنجام بدات.

ئەم بڕیارەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، خەرجییە سەربازییەکانی لە بواری بەرگری ئاسمانی زیادیان کردووە، وەک رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی پێکردووە، لە دوای دەستپێکی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، سوپای ئەمریکا لە نێوان 1500 بۆ 2000 مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی لە جۆرەکانی (پاتریۆت، ساد، و ستاندارد) بەکارهێناوە، کە ئەمەش بارگرانییەکی دارایی گەورەی دروست کردووە و وایکردووە واشنتن بیر لە جێگرەوەیەکی هەرزانتر بکاتەوە.