حکوومەتی سووریا ژمایەکی دیکە لە زیندانییەکانی هەسەدە ئازاد دەکات

ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە رایگەیاند، مافی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکە بە تەواوی پارێزراوە، ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی سووریا ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەکی دیکە لەو زینانییانەی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ن و لە زیندانەکانی حکوومەتدان، ئازاد دەکات.

هەینی 8ـی ئایاری 2026، ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە، رایگەیاند،"مافی کورد و هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە لەژێر هیچ بارودۆخێکی سیاسی یان ئەمنیدا نافەوتێت،" هەروەها گوتی، پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانی ناوچەی باکووری رۆژهەڵات بەردەوامە، هەرچەندە بەهۆی زۆری و ئاڵۆزی دۆسییەکانەوە پڕۆسەکە تا رادەیەک بە سستی دەڕوات.

جێگری پارێزگاری حەسەکە، ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەت بە شێوەیەکی بەردەوام کار لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات لە رێگەی رێڕەوە مرۆییەکانەوە و ئەم پڕۆسەیەش بە بێ پچڕان بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بەو گرژییانەی رۆژانی رابردوو لە حەسەکە روویاندا، کاتێک ژمارەیەک خۆپیشاندەر تابلۆی ناسنامەی باڵەخانەی "کۆشکی داد"یان لێکردەوە، هیلالی ئەو کارەی بە سەرکۆنەکراو و رەتکراوە ناوبرد، جەختیشی کردەوە، کۆدەنگییەک لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا هەیە بۆ رەتکردنەوەی ئەو جۆرە کارانە.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوەکان لەو رووداوە بەردەوامن و هێشتا زووە بۆ ئەوەی تۆمەت ئاراستەی لایەنێکی دیاریکراو بکرێت.

ئەم هەوڵە دوای ئەوە دێت، 11ـی ئازاری 2026، بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی حەسەکە لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا رایگەیاند، لە میانی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە، 100 زیندانی لە زیندانەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا ئازاد کراون، هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی 100 زیندانی لە زیندانەکانی “هەسەدە” لە پارێزگای حەسەکە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دەستگیرکراوانەی کە لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە ئازادکراون لەگەڵ گەیشتنیان بە بازنەی پانۆراما لە شاری حەسەکە لەلایەن تیمی سەرۆکایەتی و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆوە پێشوازییان لێکرا، ئەمەش لە چوارچێوەی رێکارەکان بوو بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەیان بە سەلامەتی و تەواوکردنی پڕۆسەکە بەشێوەیەکی رێکخراو.

لە 21ـی شوباتی رابردوو بەڕێوبەرایەتی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، عەمید زیاد عایشی راسپارد وەک نێردەی سەرۆکایەتی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم، لەگەڵ هەسەدە.

حکوومەتی سووریا لە 29ـی کانوونی دووەمی 2026، رایگەیاند، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەسەر ئاگربەست گەیشتوونەتە رێککەوتن، لەگەڵ لێکتێگەیشتن لەسەر یەکخستنی قۆناغ بە قۆناغی هێزە سەربازی و ئیدارییەکان لە نێوان هەردوولا و هاتنە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ و رادەستکردنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و حکوومییەکان و دەروازە و بەندەرەکان بە دەوڵەت.