ئەم هەفتەیە گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی ئیسرائیل و لوبنان بەڕێوەدەچێت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا میوانداریی دوو رۆژ دانوستانی چڕ لە نێوان حکوومەتی ئیسرائیل و لوبنان دەکات، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیری ئاشتی کە تێیدا جەخت لە چەککردنی تەواوەتیی حزبوڵڵا کراوەتەوە.
هەینی 8ـی ئایاری 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رۆژانی 14 و 15ی ئایاری 2026، ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی دوو رۆژ دانوستانی چڕ لە نێوان نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان دەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەم دانوستانانە تەواکەری ئەو گەڕەیە کە لە 23ـی نیسانی رابردوو بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ دەستی پێکرد. ئامانجی سەرەکی، داڕشتنی رێککەوتننامەیەکی گشتگیری ئاسایش و ئاشتییە کە تێیدا نیگەرانییە بنەڕەتییەکانی هەردوو وڵات چارەسەر بکرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا بە روونی ئاماژە بەوە دراوە، ئاشتیی راستەقینە لە ناوچەکەدا بە دوو مەرجی سەرەکییەوە بەستراوەتەوە، ئەوانیش، گەڕاندنەوەی تەواوەتیی دەسەڵاتی لوبنان بەسەر هەموو خاکەکەیدا و چەککردنی تەواوەتیی حزبوڵڵا، کە واشنتن وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەیناسێنێت.
دانوستانەکان چەند تەوەرێکی گرنگ لەخۆ دەگرن، لەوانە، دیاریکردنی وردی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات، کێشانەوەی رێڕەوی فەرمی بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و داڕشتنی پلانی بنیاتنانەوەی لوبنان دوای ساڵانێک لە ململانێ.
واشنتن جەخت دەکاتەوە، ئەم دانوستانانە وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبن و کۆتایی بەو "سیاسەتە شکستخواردووەی دوو دەیەی رابردوو" دەهێنن کە رێگەی دا گرووپە چەکدارەکان دەسەڵاتی دەوڵەت لاواز بکەن و ئاسایشی سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل بخەنە مەترسییەوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە هاوسەنگی لە نێوان "ئاسایشی بەردەوامی ئیسرائیل" و "سەروەری و بنیاتنانەوەی لوبنان"دا دروست بکات.
هەینی 24ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کردبوو لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگی لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان ئەنجامداوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، مایک هەکەبی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل و میشێل عیسا باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان ئامادە بوون.
ترەمپ رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و ئەمریکا پابەندە بە هاوکاریکردنی حکوومەتی لوبنان بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی لە بەرانبەر حزبوڵڵادا. وەک دەرەنجامی کۆبوونەوەکەش، بڕیار درا ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ ماوەی سێ هەفتەی دیکە درێژ بکرێتەوە.
سێشەممە، 14ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، میوانداری کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی مێژوویی کرد بە ئامادەبوونی شاندی باڵای ئیسرائیل و لوبنان بە چاودێریی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.