وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئاشتی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بەندە بە چەکداماڵینی حزبوڵڵا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئاسانکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی چڕی دوو رۆژە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە رۆژانی 14 و 15ـی ئایاری ئەمساڵدا، جەختیشی کردەوە، ئەم گفتوگۆیانە کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ دەوڵەتی لوبنان.
هەینی 8ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆسیەی دیاریکردنی سنوورەکان یەکێک دەبێت لە بابەتە سەرەکییەکانی نێوان تەلئەڤیڤ و بەیروت، هەروەها هەوڵ دەدرێت بگەنە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ ئاشتی و ئاسایش، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵات تەنها بەوە دەبێت کە دەوڵەتی لوبنان دەسەڵاتی تەواوەتی خۆی بگەڕێنێتەوە و حزبوڵڵا بە تەواوەتی چەک دابماڵێت.
لە لایەکی دیەوە، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بە دەستەی پەخشی ئەو وڵاتەکەیان راگەیاندووە، گفتگۆکانی واشنتن باس لە میکانیزمی هەڵوەشاندنەوەی حزبوڵڵا و دیاریکردنی سنوورەکان دەکەن، واشنتن هەوڵ دەدات رێککەوتنێکی ئەمنی بۆ جیاکردنەوەی هێزەکان لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان گەڵاڵە بکات.
لە بەرانبەردا، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، داوای لە بەریتانیا و کەنەدا کرد گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ پابەندبوون بە ئاگربەست و راگرتنی وێرانکاری لە گوند و شارۆچکەکانی باشووری لوبنان.
ئەمە لە کاتێکدایە هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوامن، تەنها لە 24 کاتژمێری رابردوودا 32 کەس کوژراون و 74 کەس بریندار بوون، بەمەش ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای مانگی ئازارەوە گەیشتووەتە 2,759 کەس و 8,512 کەسیش بریندار بوون.
هەردوو لایەنی لوبنانی و ئیسرائیلی پێشتر دوو گەڕی دانوستانیان لە مانگی نیساندا لە واشنتن ئەنجامداوە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو گەڕی سێیەم دەست پێ بکات، سەرەڕای هەبوونی ئاگربەستێکی لەرزۆک، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشڕەوییەکانی لە باشووری لوبنان بە بیانووی لێدانی ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵای لوبنان.