کۆشکی سپی: ترەمپ سەرجەم بژاردەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بە کراوەیی دەهێڵێتەوە

کۆشکی سپی رایگەیاند: کە گەمارۆ سەپێنراوەکانی سەر ئێران سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و بەردەوامن لە خنکاندنی ئابووریی ئەو وڵاتە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا، سەرجەم بژاردەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاراندا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.

رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، کۆشکی سپی، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، "گەمارۆدانی ئێران زۆر سەرکەوتووە و ئابوورییەکەی دەخنکێنێت،" هەروەها روونیشی کردووەتەوە کە "ترەمپ سەبارەت بە ئێران، هەموو بژاردەکان لەسەر مێز بە کراوەیی دەهێڵێتەوە."

لە هەمان کاتدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کە هێزەکانی ئەمریکا تا ئێستا ئاراستەی 57 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، سەرەڕای لەکارخستنی 3 کەشتیی دیکە بە مەبەستی "رێگریکردن لێیان لە چوونەژوورەوە یان دەرچوون لە بەندەرەکانی ئێران."

ئەم جووڵانە لە چوارچێوەی ئەو گەمارۆ دەریاییەدان کە واشنتن لە مانگی نیسانی رابردووەوە بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی، ئەمەش دوای ئەوە هات کە گرژییە سەربازییەکان لە کەنداو توندتر بوون و گەرووی هورمز بە رووی بەشێک لە جووڵەی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتیدا داخرا.

لە چەند رۆژی رابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاندبوو: کە چەندین ئۆپەراسیۆنی رێگریکردنیان دژی ئەو کەشتییانە ئەنجامداوە کە هەوڵی "پێشێلکردنی گەمارۆکەیان" داوە، لە کاتێکدا راپۆرتە ئەمریکییەکان باس لە بەکارهێنانی فڕۆکە جەنگییەکان دەکەن بۆ لەکارخستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە کەنداوی عومان.