ئێران بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال، 7 مەرج دادەنێت
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، حەوت مەرجی سەرەکی دیاریکرد بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەی لە یارییەکانی مۆندیالی 2026، کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.
مەهدی تاج لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی وەرزشیی وڵاتەکەی، مەرجەکانی بەم شێوەیە خستەڕوو:
1-پێویستە سەرجەم یاریزانان و ستافی تەکنیکی، بەتایبەت ئەو یاریزانانەی خزمەتی سەربازییان لە سوپای پاسداران ئەنجامداوە (وەک مەهدی تارمی و ئیحسان حاج سەفی)، بەبێ هیچ کێشەیەک ڤیزای چوونە ناو خاکی ئەمریکایان پێبدرێت.
2-دوای پێدانی ڤیزا، نابێت هیچ کام لە یاریزانان و ستافی هەڵبژاردەکە لەلایەن پۆلیسی کۆچبەرانی ئەمریکاوە لە کاتی گەشتەکەیاندا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
3- پێویستە میکانیزمێکی روون بۆ پێدانی ڤیزا بە رۆژنامەنووسان و هاندەرانی ئێرانی بۆ ئامادەبوون لە یارییەکاندا دیاری بکرێت.
4-پۆلیسی ئەمریکا دەبێت بەرزترین ئاستی پاراستن و پرۆتۆکۆڵی ئەمنی لە فڕۆکەخانە، هۆتێل و یاریگاکان دابین بکات بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.
5-هاندەرانی هەردوو تیپ تەنیا بۆیان هەیە ئاڵای فەرمی وڵاتەکەیان ببەنە ناو یاریگا، و بردنی هەر ئاڵایەکی دیکە جگە لە ئاڵای فەرمی "کۆماری ئیسلامی ئێران" قەدەخە بکرێت.
6- دەبێت گەرەنتی بدرێت کە سروودی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دروستی و بێ پچڕان لە هەموو یارییەکاندا لێبدرێت.
7- پرسیاری رۆژنامەنووسان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکاندا، دەبێت تەنیا لە چوارچێوەی بابەتە هونەری و وەرزشییەکانی پەیوەست بە یارییەکاندا بێت.
سەرۆکی فیدراسیۆنی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە زامنی بەشداریکردنی هەڵبژاردەکەیان دەکات لەم چالاکییە جیهانییەدا.
ئێران یەکێکە لەو 48 هەڵبژاردەیەی کە ئەمساڵ بەشداریی لە مۆندیالی 2026 دەکەن، هاوکات لە پاڵاوتنەکان راستەوخۆ و بەبێ چوونە پاشکۆ بلیتێکی پاڵەوانێتییەکەی بڕی. پێشتریش بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران دەنگۆی کشانەوەی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال خرابووە بەرباس.