لیندزی گراهام: پڕۆژی ئازادی پڵەس بیرۆکەیەکی زۆر باشە
سێناتۆری کۆماریی ئەمریکی، لیندزی گراهام، پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی سەبارەت بە رەتکردنەوەی ئەو وەڵامەی ئێران لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشی کردبوو.
دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ـەوە ناڕەزایەتی توندی بەرامبەر وەڵامەکەی ئێران نیشان دا و نووسیویەتی: "ئێستا وەڵامی ئەو کەسانەم خوێندەوە کە بە ناو 'نوێنەری' ئێرانن. بە دڵم نەبوو، بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نییە."
لای خۆیەوە، لیندزی گراهام لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ترەمپی کرد بۆ گۆڕینی رەفتارەکانی ئێران، بەڵام جەختی کردەوە، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانانی ئەمریکا، کاتی ئەوە هاتووە ئاراستەی مامەڵەکردن بگۆڕدرێت. گراهام ئاماژەی بەوەش کرد، "پڕۆژەی ئازادی پڵەس" (Project Freedom Plus) ئێستا وەک بیرۆکەیەکی زۆر باش دەردەکەوێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، وەڵامەکەی ئێران داواکارییەکانی ئەمریکای تێدا نەبووە، بەتایبەت سەبارەت بە چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکە و یۆرانیۆمی پیتێنراو. تاران پێشنیازی کردووە ئاستی پیتاندن کەم بکاتەوە و بڕی زیادە رەوانەی وڵاتێکی سێیەم بکات، لەگەڵ راگرتنی پیتاندن بۆ ماوەی 20 ساڵ.
هاوکات ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، تاران مەرجی داناوە، دەبێت جەنگ لە هەموو بەرەکان بوەستێت، گەمارۆی سەر بەندەرەکان و سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوت لە ماوەی 30 رۆژدا هەڵبگیرێن، هەروەها گەرەنتی بدرێت هێرش ناکرێتەوە سەر ئێران. یەکێکی دیکە لە داواکارییەکان، بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بووە لەلایەن ئێرانەوە لە بەرامبەر هەندێک پابەندیی ئەمریکا.
دوای هەڵگیرسانی جەنگ و هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە، پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاست لە ساڵی 2022ەوە. واشنتن پێشتر پرۆسەی سەربازیی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ پاراستنی کەشتییەکان دەستپێکردبوو، بەڵام ترەمپ بۆ رەخساندنی دەرفەتی دیپلۆماسی پرۆسەکەی راگرتبوو، دوای رەتکردنەوەی وەڵامەکەی ئێران، پێدەچێت ناوچەکە بەرەو قۆناخێکی نوێی گرژی هەنگاو بنێت.