جیهان روو لە سووتەمەنیی بایلۆژی دەکات

بەروبوومە کشتوکاڵییەکان دەکرێنە سەرچاوەی وزەی نوێ

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و گرژییەکانی گەرووی هورمز، سندوقە گەورەکانی وەبەرهێنان لە جیهاندا روویان لە کڕینی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان کردووە بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی بایلۆژی، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ قازانجکردن لە شۆکی نرخی نەوت کە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە دروستبووە.

سندوقەکانی وەبەرهێنان (Hedge funds) بە شێوەیەکی بەرچاو دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی ئەو کاڵا کشتوکاڵییانەی لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی بایلۆژیدا بەکاردێن. بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی بازرگانیی کاڵا دواخراوەکانی ئەمریکا، گرەوی سندوقەکان لەسەر رۆنی سۆیا، کە بۆ بەرهەمهێنانی "بایۆدیزڵ" بەکاردێت، لە سەرەتای دەسپێکی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە. هەروەها لە بازاڕی گەنمەشامیدا، وەبەرهێنەران پێشبینییەکانیان لە دابەزینی نرخەوە بۆ بەرزترین ئاستی گەشبینی گۆڕیوە.

دۆگ کینگ، سەرۆکی سندوقی (RCMA Capital) رایگەیاند، ئەم گۆڕانکارییەی سندوقەکانی وەبەرهێنان تەنیا گۆڕانکارییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو "هێرشێکی خێرا و فراوانە" بۆ ناو بازاڕی کاڵا کشتوکاڵییەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە وەبەرهێنەران بەهۆی بەرزبوونەوەی قازانجی پرۆسێسکردن و چاوەڕوانیی حکوومەتەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی سووتەمەنی، روویان لە رۆنی سۆیا کردووە.

دوای ئەوەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران نرخی نەوتی لە 72 دۆلارەوە بۆ زیاتر لە 100 دۆلار بەرزکردەوە، خواست لەسەر گەنمەشامی، شەکر و رۆنی رووەکی زیادی کردووە. حکوومەتەکان دەیانەوێت پشتبەستن بە هایدرۆکاربۆنی هاوردەکراو کەم بکەنەوە و پەرە بە سووتەمەنیی بایلۆژیی ناوخۆیی بدەن بۆ وەڵامدانەوەی شۆکی وزە.

لە لایەکی دیکەوە، داخستنی گەرووی هورمز کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕی پەین دروستکردووە، کە پێشتر 1/3ی هەناردەی پەینی نایترۆجینی جیهانی پێدا تێدەپەڕی. نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی جەنگ و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و پەین، مەترسیی قەیرانێکی جیهانیی خۆراک دروست دەکات.

سووتەمەنییە بایلۆژییەکان وەک جێگرەوەیەکی گرنگی سووتەمەنییە فۆسیلییەکان دەردەکەون کە لە سەرچاوە ئەندامییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن. ئەم جۆرە سووتەمەنییە بەهۆی تایبەتمەندییە ژینگەییەکانی و توانای نوێبوونەوەی، بووەتە جێی سەرنجی وڵاتانی جیهان بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و دابینکردنی وزەیەکی سەقامگیر لە کەرتی گواستنەوە و پیشەسازیدا.

سووتەمەنییە بایلۆژییەکان سووتەمەنی نوێبووەوەن کە لە سەرچاوە ئەندامییەکان وەک بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، پاشماوەکانی دارستان، قەوزەکان، یان پاشماوە ئەندامییەکان بەدەست دەهێنرێن. بە پێچەوانەی سووتەمەنییە فۆسیلییەکان کە ملیۆنان ساڵیان پێدەچێت تاوەکو دروست دەبن، سووتەمەنییە بایلۆژییەکان لە ماوەیەکی کەمدا بەرهەم دەهێنرێن و بە "هاوسەنگی کاربۆن" دادەنرێن؛ چونکە ئەو بڕە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەی لە کاتی سووتانیاندا دەریدەدەن، هاوتا دەبێتەوە لەگەڵ ئەو CO2ـەی کە رووەکەکان لە کاتی گەشەکردنیاندا هەڵیانمژیوە.

سووتەمەنیی بایلۆژیی چۆن بەرهەم دەهێنرێت؟

ئەم سووتەمەنییانە لە "بارستە بایلۆژییەکان" (biomass) بە رەچەڵەک رووەکی، ئاژەڵی، یان ئەندامی و لە رێگەی پرۆسەی میکانیکی، بایلۆژی و کیمیاییەوە بەرهەم دەهێنرێن، کە بەم شێوەیە دابەشی سەر چەند نەوەیەک دەبن:

نەوەی یەکەم: لە بەروبوومە خۆراکییەکانی وەک گەنمەشامی، قامیشی شەکر و رۆنە رووەکییەکان بەرهەم دەهێنرێن، کە لێیانەوە "بایۆ-ئیسانۆڵ" و "بایۆ-دیزڵ" دروست دەکرێت.

نەوەی دووەم: لە پاشماوە ئەندامییە ناخۆراکییەکان دروست دەکرێن، وەک پاشماوەکانی کشتوکاڵ یان دارستانەکان. نموونەی وەک بایۆ-گاز و بایۆ-میسان، کە رێگەیەکیشن بۆ کەمکردنەوەی پاشماوەکان و گۆڕینیان بۆ وزە.

نەوەی سێیەم: لە قەوزەکان و رووەکە ئاوییەکان دەردەهێنرێن کە رێژەیەکی زۆر رۆنیان تێدایە. هەرچەندە ئەم رێگەیە پۆتانسێلێکی زۆری هەیە، بەڵام هێشتا بە شێوەیەکی فراوان بازرگانیی پێوە نەکراوە.

نەوەی چوارەم: ئەم نەوەیەیان هێشتا لە قۆناخی توێژینەوەدایە و پشتی بە زیندەوەرە دەستکاریکراوەکان بەستووە کە توانای کۆکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان هەیە لە کاتی بەرهەمهێنانی وزەدا.

تێگەیشتن لەم رێگایانە، ئاسۆیەکی روونتر نیشان دەدات کە سووتەمەنییە بایلۆژییەکان چۆن دەبنە بەشێکی سەرەکی لە داهاتووی وزەی جیهان.

ئەم سووتەمەنییانە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، گەرمی و بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکان بەکاردێن. لە ئێستادا بەپێی رێساکانی ئەوروپا، زۆربەی وێستگەکانی سووتەمەنی، بەنزینێک دابین دەکەن کە تاوەکو 10% سووتەمەنی نوێبووەوەی تێدایە. سەرچاوە باوەکانی ئەم وزەیەش بریتین لە گەنم، چەوەندەری شەکر، قامیشی شەکر و تۆوە رۆژگەردانەکان.