وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 16 ملیار دیناری مووچەی نەناردووە
دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی نیسان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "کەمێک لەمەوبەر دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی نیسان (4)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، سەرجەمی مووچەی مانگی نیسان (چوار) بە هەردوو گوژمەکەوە کە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە نێردراوە، گەیشتووەتە 961 ملیار و 736 ملیۆن دینار.
وەزارەتی دارایی و ئابووری باسی لەوەش کردووە، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی نیسان، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بڕی 16 ملیار و 624 ملیۆن و 814 هەزار و 478 دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی نیسان نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.