سبەی مووچەی مانگی چوار لە رێگەی هەژماری من دابەش دەکرێت
پرۆژەی هەژماری من رایگەیاند، سبەی چوارشەممە 13ـی ئایاری 2026، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان (مانگی 4) بە شێوازی دیجیتاڵی و لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من لە سەرجەم پارێزگاکان دەست پێ دەکات و 762 هەزار کەس بە دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
سێشەممە 12ـی ئایاری 2026، بەپێی نوێترین ئامارەکانی پڕۆژەی "هەژماری من"، گۆڕانکارییەکی گەورە لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەدا روویداوە و ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی بە شێوازی سەردەمیانە مووچە وەردەگرن گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی.
پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار لە سێ رۆژی دیاریکراودا دەبێت، کە بریتین لە رۆژانی (13، 14 و 16ی ئایار). دابەشکارییەکە بەپێی جۆری سوودمەندەکان بەم شێوەیەیە:
فەرمانبەری مەدەنی: 357 هەزار کەس.
پێشمەرگە و ئاسایش: 218 هەزار کەس.
خانەنشینان:168 هەزار کەس.
خێزانی شەهیدان: 19 هەزار کەس.
دابەشبوونی جوگرافیی مووچەخۆران
کۆی ئەو 762 هەزار کەسەی کە لەم مانگەدا بە دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن، بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیە دابەش بوون:
هەولێر: 364,800 مووچەخۆر.
سلێمانی: 208,200 مووچەخۆر.
دهۆک: 179,000 مووچەخۆر.
هەڵەبجە: 10,410 مووچەخۆر.
گەشەی خێرای پڕۆژەی "هەژماری من"
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە پڕۆژەکە گەشەیەکی بەرچاوی کردووە. لە کاتێکدا ساڵێک لەمەوبەر تەنیا 130,500 کەس بە شێوازی دیجیتاڵی مووچەیان وەردەگرت، ئێستا ئەم ژمارەیە بۆ 762,000 کەس بەرزبووەتەوە. هەروەها زیاتر لە 900 هەزار سوودمەند لە پڕۆژەکە تۆمارکراون و 800 هەزار کارت دابەشکراوە؛ هاوکات 600 ئامێری ATM لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز جێگیر کراون بۆ ئاسانکاریی هاووڵاتییان.