وەزارەتی ناوخۆ 9 بڕیاری نوێی بۆ پاراستنی ژینگە و رێگری لە زێدەڕۆیی دەرکرد
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک رێکاری نوێ و توندی بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەک بۆ سەر سروشتی کوردستان راگەیاند، کە لە 9 خاڵی سەرەکیدا کۆکراونەتەوە.
لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەهۆی بایەخی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت بۆ پرسی ژینگەدۆستی و پاراستنی سەروەت و سامانی سروشتی، وەزارەتی ناوخۆ زنجیرەیەک بڕیاری گرنگی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرکرد.
ئەم بڕیارانە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی فراوان و چڕی نێوان رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان هات، بە مەبەستی داڕشتنی ستراتیژییەکی گشتگیر بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرپێچییە ژینگەییەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، بە نووسراوی فەرمیی ژمارە (13788) و بەپێی ئەو دەسەڵاتە یاساییانەی پێی دراوە، بڕیارەکانی ئاراستەی دامەزراوەکان کرد بۆ ئەوەی دەستبەجێ بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
لێرەدا پوختەی 9 بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان خراوەتەڕوو:
1. جێگرتنەوەی نایلۆن بە کاغەز: هاندانی بەکارهێنانی کاغەز لەبری نایلۆن و شوشە لە پێداویستییە رۆژانەکاندا و پاڵپشتیکردنی کارگەکانی بەرهەمهێنانی کاغەز.
2. چاودێری و سزادان: چاودێریکردنی توندی جێبەجێکردنی رێنماییە ژینگەییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سزادانی سەرپێچیکاران.
3.سزای دارایی تا 8 ملیۆن: پێدانی دەسەڵات بە فەرمانگەکانی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ سەپاندنی سزای دارایی تا بڕی (8,000,000) هەشت ملیۆن دینار بەسەر سەرپێچیکاراندا.
4. تیمی گەڕۆک لە شوێنە گەشتیارییەکان: پێکهێنانی تیمی هاوبەش لە (پۆلیس، ئاسایش، پۆلیسی دارستان و ژینگە) بۆ گەڕان لە شوێنە گەشتیارییەکان و سزادانی راستەوخۆی ئەو کەسانەی ژینگە پیس دەکەن.
5. فراوانکردنی لیژنەکان: زیادکردنی نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بۆ ناو لیژنەکانی پاراستنی ژینگە.
6. کۆبوونەوەی مانگانە: ڕاسپاردنی پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مانگانە و چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیاری و چاودێری.
7. لابردنی زێدەڕۆیی: پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لەسەر ئاستی پارێزگا، قەزا و ناحیەکان بۆ رێگری و لابردنی هەر جۆرە زێدەڕۆییەک بۆ سەر موڵکی دەوڵەت، دارستان و سەرچاوەکانی ئاو.
8. قەدەغەکردنی سووتاندنی پەرێز: قەدەغەکردنی سووتاندنی پاشماوەی کشتوکاڵی و پەرێز دوای وەرزی دروێنە، بە مەبەستی پاراستنی زیندەوەران و رێگری لە کەوتنەوەی ئاگر.
9. رۆڵی راگەیاندن: راسپاردنی دامەزراوە میدیاییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و ئاشناکردنی هاووڵاتییان بە یاسا و سزاکان.
دەقی نۆ خاڵەکەی وەزارەتی ناوخۆ
یەکەم: چالاککردنی ئەنجوومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە دەستە کە بە گوێرەی بەشی یەکەم لە دەروازەی دووەم لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2008 یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان – عێراق پێکهاتە و ئەرکەکانی دیار کراوە. پێویستە وەزارەت و لایەنەکانی ناو ئەو ئەنجوومەنە چالاکانە بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و دیراسەی هەندێک پڕۆژە بکەن کە دەرفەتەکانی پیسکردنی ژینگە کەم دەکاتەوە و لەم کۆبوونەوە هاوبەشەمان سەرنجی خرایە سەر، بۆ نموونە هانی بەکارهێنانی کاغەز لە بری نایلۆن و شووشە بدەن بۆ بوارەکانی بەکارهێنانی رۆژانە، پێویستییەکانی ئەم پرۆسەیە بە وردی دیراسە بکرێت. هەروەها دیراسەی میکانیزمی پاڵپشتی کارگەکانی بەرهەمهێنانی کاغەز بۆ بەکارهێنانی رۆژانە لە بری عەلاگەی نایلۆن، هەروەها دروستکردنی بوتڵی دروستکراو لە کاغەز بۆ ئاو و شیر و بەرهەمەکانی لە بری نایلۆن و شووشە، بکرێت.
دووەم: ئەنجوومەن پێویستە چاودێری وردی جێبەجێکردنی رێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2023، رێنمایی بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان ی دەستەی ژینگە بکات و فەرمانگەکانی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان رابسپێرێت کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سنوورەکە، چاودێری جێبەجێکردنی رێنمایی ئاماژە بۆ کراو بکەن و سزای سەرپێچیکاران بدرێت.
سێیەم: فەرمانگەکانی ژینگە لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، راپەڕین) بەگوێرەی فەرمانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە 361 لە 26/2/2026 و لە (هەڵەبجە، سۆران، زاخۆ) بەگوێرەی فەرمانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە 359 لە 26/2/2026، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێیان دراوە سزای دارایی سەرپێچی ژینگەیی تا بڕی (8.000.000 هەشت ملیۆن دینار) دەسەپێنن بە سەر سەرپێچیکاران بە پێی جۆر و قەبارەی سەرپێچییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سنووریان، و ئەگەر قەبارەی سزاکەکە پێویست بوو گەورەتر بێت، بۆ دەستەی ژینگە رەوانە دەکرێت بە زووترین کات.
چوارەم: هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگری شارستانی، پۆلیسی دارستان و ژینگە - هێزی پاراستنی ژینگە) هەماهەنگی تەواو دەکەن لەگەڵ لیژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بە سەرۆکایەتی پارێزگار/ سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانگەکانی ژینگە بۆ دەستگیرکردنی هەر کەسێک سەرپێچی لە یاسا و رێنماییەکانی ژینگە دەکات و سروشت پیس دەکات. بۆ ئەم مەبەستە تیمی گەڕۆک لە نوێنەرانی ئەو دامەزراوانە بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستان و ژینگە و ئامادەیی نوێنەری فەرمانگەی ژینگە پێک دێت بۆ گەڕان بە شوێنە گەشتیارییەکان و ئاگادارکردنەوەی گەشتیار و هاووڵاتییان لە سەرپێچییەکان و سەپاندنی سزای دارایی راستەوخۆ بەسەر سەرپێچیکار بەگوێرەی خاڵی سێیەمی ئەم گشتاندنە و بڕەکەی لە لایەن نوێنەری فەرمانگەی ژینگە بەگوێرەی سەرپێچییەکە دەست نیشان دەکرێت.
پێنجەم: زیادکردنی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و هەروەها نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ بەگوێرەی تایبەتمەندی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی بۆ لیژنەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە نووسراو دەست نیشانی نوێنەری دەکات و بۆ دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕەوانەی دەکات بۆ ئەوەی بدرێتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ زیادکردنی لە لیژنەکان.
شەشەم: پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان رادەسپێرین کە مانگانە کۆبوونەوەی لیژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ئەنجام بدەن و تیمەکانیان بۆ جێبەجێکردنی یاسا و رێساکان ئاراستە بکەن، بەردەوام هۆشیاری ژینگەپارێزی و راگرتنی پاکوخاوێنی و هاوسەنگی سروشت بڵاو بکەنەوە، هەروەها سزا بەسەر هەر کەسێک بسەپێنن سەرپێچی یاسا و رێنماییەکان بکات و ژینگە پیس بکات و بیشێوێنێت.
حەوتەم: لێژنەی تایبەتمەند بە رێگری و لابردنی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت و سامانەکانی دارستان و ئاو و ژینگە لە سەر ئاستی پارێزگا و ئیدارەکان هاوشێوەی لیژنەی هەولێر بە فەرمانی وەزاری پێک دێت. هەروەها لیژنەی لاوەکی لە قایمقامەت و ناحیەکان پێک دێت و بەرپرسیار دەبن لەبەرامبەر یاسا بۆ رێگری لە هەر جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەک. وردەکاری پێکهاتەی لیژنەکان بە فەرمانی وەزاری بۆتان رەوانە دەکرێت.
هەشتەم: لەسەر پێشنیازی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ئێستاوە کاری پێویست بکەن بە ئاگادارکردنەوەی جووتیاران و هاووڵاتییان کە سووتاندنی پووش وپەڵاش و قەسەڵ و و کڵۆش و پەرێز لە دوای وەرزی دروێنە قەدەغەیە، ئەمەش بۆ پاراستنی زیندەوەران و رێگریکردن لە مەترسی تەشەنەکردنی ئاگر و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و سامانی سروشتی.
نۆیەم: فەرمانگەی میدیا و زانیاری و کەناڵەکانی راگەیاندن بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری پاراستنی سروشت و ژینگە و سزاکانی سەرپێچی کردن بە هاووڵاتییان ئاشنا دەکەن.