هاتووچۆی هەولێر هاتووچۆی بارھەڵگر و ماتۆڕسکیلی لە رێگایەک قەدەغە کرد
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان و ماتۆڕسکیلەکان لە رێگای هەولێر-هەریر دەرکرد، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران.
ئەمڕۆ، سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاگاداری شوفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیلی کردەوە کە بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی گەشتیاران و رووداوەکانی هاتووچۆ و دروستنەبوونی جەنجاڵی لەو رێگایانەی بە ناوچە گەشتیارییەکاندا تێدەپەڕن، بڕیار دراوە بە قەدەغەکردنی هاتووچۆیان لە رێگای "هەولێر بۆ هەریر" و بەپێچەوانەشەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، قەدەغەکردنەکە لەم کاتانەی خوارەوەدا دەبێت:
1- رۆژانی پێنجشەممە: لە کاتژمێر (12:00)ی نیوەڕۆ تاوەکو (1:00)ی شەو.
2- رۆژانی هەینی: لە کاتژمێر (7:00)ی بەیانی تاوەکو (1:00)ی شەو.
هاتووچۆی هەولێر هۆشداری دەداتە شوفێران کە هەر کەسێک سەرپێچیی ئەم بڕیارە بکات، لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێریی (خاڵ بۆ خاڵ) سزای دارایی بۆ تۆمار دەکرێت.