پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بەکابینەی نوێی حکوومەت کۆدەبێتەوە
بەپێی ئەو خشتەی کارەی بڵاوکراوەتەوە، بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە 24 ئەنجام بدات.
بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە، دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر بەرنامەی حکوومەت و کابینەی وزاریی پێشنیارکراوی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، عەلی فالح ئەلزەیدی دەدات.
بڕیارە دانیشتنەکە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی سبەی دەست پێبکات.
بە پێی زانیارییەکان کە دەست کوردستان24 کەوتوون، هێزە سیاسییەکان و کوتلە پەرلەمانییەکان گەیشتوونەتە فۆرمێکی کۆتایی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، لەم چوارچێوەیەدا، بۆ پڕکردنەوەی پۆستی هەر وەزارەتێک، لایەنەکان ناوی سێ کاندیدیان خستووەتە سەر مێزی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو.
لە لایەکی دیکەوە و وەک رێکارێکی دەستووری و یاسایی، ناوی کاندیدە پێشنیازکراوەکان رەوانەی "دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق" کراون.
هاوکات سەرچاوەیەک لە دەستەکە بە کوردستان24ـی گوت: ناوی تەواوی کاندیدەکانمان بە دەست گەیشتووە و لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە ناوەکان پێکهێنراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، کارنامەی وەزاریی حکوومەتی نوێی عێراقی پێشکەش بە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد؛ بەڵام تا ئێستا پەرلەمان هیچ وادەیەکی بۆ متمانەدان بە کابینەکەی دانانەوە.
بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو تەنیا 30 رۆژی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان.
پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق بەردەوام بەپێی بنەمای پشکپشکێنە و رێککەوتنی لایەنە سەرەکییەکان بەڕێوە دەچێت و زۆرجار رووبەڕووی دواکەوتن دەبێتەوە.
لە رۆژی 27ـی نیسانی 2026، سەرۆککۆماری عێراق بە فەرمی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپارد.