کەشتییەکی چینی بە نەوتی عێراقییەوە هەوڵی تێپەڕینی گەرووی هورمز دەدات

داتاکانی چاودێریکردنی کەشتییەکان ئاشکرایان کرد، ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، کەشتییەکی زەبەڵاحی نەوتهەڵگری چینی کە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتووە، هەوڵی تێپەڕبوون بە گەرووی هرمز دەدات، ئەم هەنگاوە نیشاندەری ئەوەیە کە هەناردەی نەوتی عێراق سەرەڕای گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە بەردەوامە.

بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای 'LSEG' و 'Kpler'، کەشتییە زەبەڵاحەکەی "یوان هوا هو" بە دوورگەی لارکی ئێرانی تێپەڕی بەرەو باشووری گەرووەکە، ئەمەش دوای ئەوەی دێت لە سەرەتای مانگی ئاداری رابردووەوە لە کەنداو گیرسابووەوە.

ئەم کەشتییە نەوتی خاوی بەسرەی بارکردووە، ئێستا بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێکەوتووە، خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی کەشتییەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیایەکی چینی، ئەمە سێیەم کەشتیی چینە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت، لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئێران لە رۆژانی رابردوودا دەسەڵاتی خۆی لە گەرووی هرمز بەهێزتر کردووە، ئەوەش لە رێگەی تێگەیشتن لەسەر گواستنەوەی نەوت و گاز لەگەڵ عێراق و پاکستان، لەکاتێکدا وڵاتانی جیهان نیگەرانن لەوەی رەنگە رێڕەوە ئاوییەکە دابینکردنی وزە بخاتە مەترسییەوە.

هەروەها ئاژانسی "بڵومبێرگ" رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە، ئەو هێزە ئەمریکییانەی گەمارۆی دەریاییان خستووەتە سەر ئێران، بەهۆکارێکی نادیار رێگرییان لە کەشتییەکی یۆنانی کردووە کە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقی هەڵگرتووە دەیەوێت بەرەو ڤێتنام بروات، حکوومەتی ڤێتنامیش داوای لە ئەمریکا کردووە رێگە بەو بارە نەوتییە بدات بگاتە شوێنی مەبەست.