سوودانی، باسم محەمەد بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری نەوتی عێراق کاندید دەکات

سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پارێزگار و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران لە بەسرە، بە فەرمی کاندیدی هاوپەیمانییەکەی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی نەوت لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا راگەیاند.

چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشکی پارێزگای بەسرە کرد. دیدارەکە بە ئامادەبوونی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە بەڕێوە چوو.

بە پێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە دیدارەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و رێڕەوی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کراوە.

لە تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا، بە پێی راگەیەنراوەکە، محەمەد شیاع سوودانی بە فەرمی پەرلەمانتارانی بەسرەی ئاگادار کردەوە کە بڕیاری داوە (باسم محەمەد خوزەیر) کە یەکێکە لە رۆڵەکانی پارێزگای بەسرە و خاوەنی شارەزایی و لێهاتووییەکی تەواوە، بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتی نەوت لە کابینەی نوێی حکوومەتدا کاندید بکات.

هاوکات، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە داوای لە نوێنەرانی پارێزگای بەسرە کرد کە لە نێو پەرلەماندا پشتگیری لەم کاندیدە بکەن.

محەمەد شیاع سوودانی، لە کۆتایی دیدارەکەدا جەختی لەسەر گرنگیی و پێویستیی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە نیشتمانییەکان کردەوە، ئەوەش لەپێناو خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.

بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، کاتژمێر 4ـی دوای نیوەڕۆ، پەرلەمانی عێراق، بۆ مەبەستی دەنگدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێدراوی وڵاتەکە کۆبێتەوە.

بە پێی زانیارییەکان کە دەست کوردستان24 کەوتوون، هێزە سیاسییەکان و کوتلە پەرلەمانییەکان گەیشتوونەتە فۆرمێکی کۆتایی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، لەم چوارچێوەیەدا، بۆ پڕکردنەوەی پۆستی هەر وەزارەتێک، لایەنەکان ناوی سێ کاندیدیان خستووەتە سەر مێزی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، کارنامەی وەزاریی حکوومەتی نوێی عێراقی پێشکەش بە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد.