قایمقامی سۆران: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا گرنگییەکی زۆر بە ئیدارەی سۆران دراوە
قایمقامی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ کوردستان24، تیشکی خستە سەر گرنگیی پڕۆژە ستراتیژییەکانی سنوورەکە و رایگەیاند؛ دوای بوون بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆر بەم دەڤەرە دراوە.
سەبارەت بە پڕۆژەی شەقامی 40مەتری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، رەجەب زوبەیر، قایمقامی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بەوە کر، ئەم پڕۆژەیە لە 13ـی ئایاری 2024 لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی بۆ دانراوە و یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نزیکەی 50 ملیار دیناری تێچووە.
گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە جەنجاڵییەکی زۆر لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەم دەکاتەوە و دەتوانێت هەردوو شارۆچکەی سیدەکان و مێرگەسۆر بە سەنتەری سۆران ببەستێتەوە. هەروەها کۆمەڵێک گەڕەک وەک گەڕەکەکانی ئازادی، زانکۆ، بادلیان، دێڵزیان و خودی ئیدارەکەش بە سەنتەری ناوەندی سۆران دەبەستێتەوە."
دەربارەی وردەکاریی هونەریی شەقامەکە، رەجەب زوبەیر روونی کردەوە، درێژیی پڕۆژەکە نزیکەی 3 هەزار و 200 مەترە و پانییەکەشی 40 مەترە، هەر لایەکی شەقامەکەش لە سێ لاین پێکهاتووە. ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی تۆپۆگرافیای تایبەتی سۆران، پڕۆژەکە بە کوالیتییەکی بەرز و دیزاینێکی تایبەت دروست کراوە کە سیمایەکی جوانتر بە شارەکە دەبەخشێت.
قایمقامی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند ساڵی رابردوودا ئیدارەی سۆران گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و گوتی: "پێشتر سۆران وەک گوندێکی بچووک وابوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو گرنگییەی کابینەی نۆیەم بە ئیدارەی سۆرانیداوە، سەدا85 بۆ سەدا90ـی گەڕەکەکانی سەنتەری سۆران دەستی خزمەتگوزاریی کابینەی نۆیەمیان پێ گەیشتووە."
سەبارەت بە پڕۆژەی کارەبای نیشتمانی (پڕۆژەی رووناکی)، رەجەب زوبەیر رایگەیاند؛ سۆران یەکەم ئیدارە بووە چووەتە ناو ئەم پڕۆژەیەوە. گوتیشی: "پڕۆژەی رووناکی کێشەی 125 مۆلیدەی لە سەنتەری سۆران چارەسەر کرد، پێشتر بووبوونە هۆی دووکەڵ، ژاوەژاو و پیسبوونی ژینگە. ئێستا نزیکەی 200 هەزار کەس لە سەنتەری سۆران و بە گشتی 300 بۆ 400 هەزار کەس لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەم پڕۆژەیە سوودمەند بوون."