شاخەوان عەبدوڵڵا: لە دانیشتنی متمانەدان بە کابینەی نوێ نادادی هەبووە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنی متمانەدان بە کابینەی نوێ دەگرێت و رایدەگەیەنێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆنتڕۆڵی دانیشتنەکەی لەدەستداوە و لایەنگری لە پێشخستنی هەندێک کاندید کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند "سەرۆکایەتیی پەرلەمان بێ لایەنی لە دەستداوە، بە جۆرێک کە ناکرێت دەنگدان بۆ متمانەدان بە وەزیری کارەبا پێش وەزارەتە گرنگ و سیادییەکانی وەک ناوخۆ و دەرەوە بخرێت."
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی دەنگدانەکەدا جۆرێک لە نادادی هەبووە و گوتی "ئەو وەزیرانەی کە خۆیان ویستوویانە، ناویان پێشخراوە بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت."
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بە ئەنجامی دەنگدانەکە کرد و رایگەیاند، سەرجەم ئەو کاندیدانەی لەلایەن هاوپەیمانی "عەزم"ـەوە بۆ پۆستە وەزارییەکان دیاری کرابوون، نەیانتوانی متمانەی پەرلەمانتاران و دەنگی پێویست بەدەستبهێنن.