کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا
پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، متمانەی بە کارنامەی وەزاری و 14 وەزیری کابینەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بەخشی.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە سەرکردە سیاسییە باڵاکانی عێراق، پەرلەمانی عێراق کاتژمێر 5:45 خولەکی ئێوارە بە مەبەستی دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکوومەت کۆبووەوە.
بە پێی زانیارییەکان، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا 166 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، بەڵام دواتر رێژەکە بەرزبووەوە بۆ 270 پەرلەمانتار.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان داوای لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کرد کە کارنامەی وەزارییەکەی بخوێنێتەوە بە مەبەستی خستنە دەنگدانییەوە. دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو خوێندنەوەی بۆ کارنامەکەی کرد، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ کارنامە وەزارییەکەی پەسەند کرد.
دواتر پرۆسەی دەنگدان لەسەر کاندیدی وەزارەتەکان دەستی پێکرد و پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیر لە کابینەکەی عەلی زەیدی بەخشی.
ئەو وەزارەتانەی کە وەزیرەکانیان متمانەیان پێ درا پێکهاتبوون لە؛ وەزارەتەکانی (سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی، داد، پەروەردە، گواستنەوە، دەرەوە، نەوت، پیشەسازی، کارەبا، تەندروستی، ژینگە، کشتوکاڵ، دارایی و پەیوەندییەکان).
لە کۆتایی پرۆسەکەشدا و دوای سەرکەوتنی پرۆسەی متمانەدان بە کارنامەی حکوومەت و 14 وەزیری کابینەکە، ئاڵۆزی لەسەر چەند پۆستێک دروست بوو و، سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری دا کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە هەڵبگرێت.