بەهۆی ئاڵۆزی نێوان شیعە و سوننە پڕۆسەی دەنگدان راگیرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا رایگەیاند: بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و پشێوییەی لەسەر پۆستی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵی عێراق دروست بوو، کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ ماوەیەکی کاتی راگیرا. 

کاندیدی وەزارەتی ناوخۆ فەریق قاسم عەتایە و سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بەهۆی دەنگ نەدانی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی شیعەکان بە کاندیدێکی سوننە لە هاوپەیمانیی عەزم، لە بەرانبەردا پەرلەمانتارە سوننەکانیش دەنگیان بە کاندیدەکەی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ نەداوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاڵۆزی بکەوێتە کۆبوونەوەی پەرلەمان. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دوای متمانەدان بە 14 وەزیری کابینەکەی زەیدی، بەهۆی ناکۆکی نێوان پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە پەلاماردانی نێوان پەرلەمانتاران هەردوو پێکهاتە بە بۆکس، لەسەر دەنگدان بە کاندیدانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، پلاندانان و خوێندنی باڵا، پڕۆسەی دەنگدان راگیرا.