حەلبووسی بۆ زەیدی: ئەم متمانە پێدانە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە

هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی بە دەستهێنانی متمانەی پەرلەمان و هێزە سیاسییەکان لە عەلی زەید دەکات و دەڵێت "ئەم متمانە پێدانە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان"؛ هاوکات سوودانی هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لە خزمەتکردنی گەلی عێراق.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026، دوای متمانەدان بە کارنامەی حکوومەتی نوێی فیدراڵ و 14 وەزیری کابینەکەی زەیدی، بەهۆی ئاڵۆزیی نێوان بەشێک لە پەرلەمانتارانی شعیە و سوننە، پڕۆسەی دەنگدان و متمانەدان بە کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی بۆ دوای جەژنی قوربان دواخرا. 

لە بارەی متمانەدان بە حکوومەتەکەی عەلی زیدی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق؛ هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی کرد و نووسیویەتی؛ بە دەستهێنانی پشتیوانی هێزە سیاسییەکان و متمانەی پەرلەمان لە جێبەجێکردنی ئەرکێکی گرنگی نیشتمانی و دەستووری، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسی، ئابووری و خزمەتگوزارییەکان، کە لەم قۆناخەدا رووبەڕووی وڵات بوونەتەوە.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەر لە پەیامەکەیدا، نووسیویەتی "سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی هێزە سیاسییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین بۆ پاڵپشتیان لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت".

هەروەها جەخت دەکاتەوە، کە قۆناخی داهاتوو پێویستی بە هەماهەنگی و بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەیە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و خزمەتکردنی سەرجەم هاووڵاتیان لە سەرجەم پارێزگاکاندا.

هەر لە بارەی متمانەدان بە کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی پێشوو لە ئێکس، پیرۆزبایی ئاراستەی عەلی زەیدی کرد و پشتیوانی خۆی بۆ حکوومەتی نوێ دووپاتکردەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ و کابینەکەی خواست لە خزمەتکردنی گەلی عێراق.