کەشناسی: بارانبارین و هەورەبروسکە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 15ـی ئایاری 2026، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کاتەکانی بەیانی ئەمڕۆوە لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ نمەباران دەستپێدەکات، پاشان لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ کاریگەریی بارانبارینەکە زیاد دەکات و زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت لە هەندێک کاتدا بارانبارینەکە بە شێوەی تاوەباران و هەورەبروسکە بێت، هاوکات هۆشداریی ئەوەش دراوە کە لە هەندێک ناوچە، بەتایبەت لە بەشێکی سنووری پارێزگای هەولێر، ناوچە دەشتاییەکانی باشووری هەرێم، ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک، ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵباران هەیە.

سەبارەت بە پلەکانی گەرما، کەشناسی ڕایگەیاندووە کە پلەکان نزیک دەبنەوە لە تۆمارەکانی دوێنێ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ هەینی:

هەولێر: 31 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 28 پلەی سیلیزی
دهۆک: 28 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 34 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 30 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 30 پلەی سیلیزی
سۆران: 26 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 37 پلەی سیلیزی
پیرمام: 27 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 16 پلەی سیلیزی.